هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

زانیاری لەسەر سیستەمی نوێی کارەبا دەدرێت 

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەک ڕایگەیاند: لە سیستەمی پریپەید كارەبا  24 كاتژمێرییە و نرخەکەی وەک خۆیەتی، تەنیا شێوازی پارەدانەكە دەگۆڕێت.

ڕاشیگەیاند: ئێستا لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان  لە ڕێگەی سیستەمی (پریپەید)ەوە، کارەبای 24 كاتژمێری هەیە، لەوانە بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆک، كە شوێنی بازرگانین، لەگەڵ هاوبەشی ماڵان لە ئەڤرۆ ستی لە دهۆک.

عەلی ئیسماعیل هەروەها ئاشکرای کرد کە لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار و 356 هاوبەشی کارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و چالاک کراون و كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە.

ڕوونیشی کردەوە کە سیستەمی پریپەید هاوشێوەی كارتی مۆبایلە، بایی چەند كارەبات پێوێستە ئەوەندە كارت دەكڕیت، بۆ بەكارهێنانەكەشی دەوەستێتە سەر هاوبەشی كارەبا، بیەوێت زیادەڕۆیی تێدا بكات، یان بیەوێت دەستی پێوە بگرێت.

عەلی ئیسماعیل هەروەها گوتی: لەو شوێنانەی کە بە سیستەمی پریپەید کارەبایان پێ دەدرێت، خەڵكەكە لە سیستەمەكە ڕازین و كێشەیان نییە.

گوتیشی: ئەم سیستەمە سەرەڕای باشترکردنی دۆخی کارەبا، بارگرانیی سەر فیدەرەکانی کارەبا بە رێژەی 400% کەم دەکاتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەک ئاماژەی بەوەش دا کە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەک بەستراون و پڕۆسەكە لە قۆناغی كۆتایی دایە.