یاریدەدەری باڵوێزی فلیپین سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

هۆشیار سیوەیلی پێشوازیی لە بەڕێز کریستۆفەر کاستwیلۆ، یاریدەری باڵوێزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری کرد و لە دیدارەکەدا، بەڕێز کاستیلۆ خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ڕۆڵی سەرۆک بارزانیی بەرز نرخاند و ئومێدی خواست عێراقییەکان بتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئارامی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ گەلانی عێراق.

بەڕێز بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش سوپاسی یاریدەری باڵوێزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری کرد و باسی باردۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ شاندی میوان کرد و، جەختی لە هەڵوێستی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە کە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەییی عێراقە و ئەوە دەتوانێت هەمووان کۆ بکاتەوە بۆ خزمەتکردنی تەواوی عێراقییەکان. 

پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکوومەتی فیدراڵ بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو، بەڕێز سیوەیلی دووپاتی کردەوە کە ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان سەقامگیری و پێشکەوتن و خزمەتکردنە و بۆ ئەو مەبەستەش هاوکاریی تەواوی لایەنەکان دەکات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی خزمەتگوزار و سەقامگیر، هەروەها شەڕی تیرۆر و ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە توندڕەوەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

بەڕێز کاستیلۆ، یاریدەری باڵوێزی فلیپین باسی گرفتی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و گرووپە توندڕەوەکانی لە وڵاتی خۆیاندا کرد و ڕایگەیاند، هەردوولا دەتوانن سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی توندڕەوی و هاوکاریی شەڕی تیرۆر.

بەڕێز کاستیلۆ باسی لە ئامانجی سەردانی ئەم جارەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد کە بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانەوە لە بوارە جیاوازەکانی وەکوو تەندروستی و ئابووری و بازرگانیدا.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتییش بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگیی تەواوی دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆماری فلیپیندایە.

ھەواڵی زیاتر