شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ساسان عەونی: ئێستا زیاتر لە 5 هەزار پێگەی شوێنەواریمان هەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی 10ـی 2022 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانی بەشداریکردنی لە کردنەوەی قۆناغی یەكەمی پاركی شوێنەواری فایدە لە پارێزگەی دهۆک كرایەوە ڕایگەیاند، ئێستا زیاتر لە 5 هەزار پێگەی شوێنەواریمان هەیە کە کاری کنەوپشکنین لە بەشێکیان دەکرێت.

لە پارێزگەی دهۆک بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و ماوریتسیو گریگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و کامیروتا كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا و روبێرتو پینتون سەرۆکی زانکۆی ئودینەی ئیتاڵی و ئیمیلیو کاباسینو سەرۆکی وەکالەتی ئیتاڵی بۆ هاوبەشی و پاولو فونتانی سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆ لە عێراق و جونەید سوروش بەرپرسی کولتووری لە یونسکۆی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی حكوومی، ڕێوڕەسمی كردنەوەی قۆناغی یەكەمی پاركی شوێنەواری فایدە لە پارێزگەی دهۆک بەڕێوەچوو، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە لە گوتارێكدا وردەكاری و گرنگیی پاركەكە دەخاتەڕوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی وتارەكەیدا كە لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پاركەكە پێشكەشی كرد، باسی لە گرنگی پاركەكە كرد و گوتی: قۆناغی یەكەمی پاركی شوێنەواری فایدە لە دهۆک، بەرهەمی سێ ساڵی کارکردنی هاوبەشی نێوان تیمی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و تیمی زانکۆی ئۆدینەی ئیتاڵییە و خۆشبەختانە توانیان پەردە لەسەر ئەو شوێنەوارە گرنگە هەڵبدەنەوە كە بە شوێنێکی دەگمەن لە عێراق و ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێت. ساسان عەونی، گوتیشی: ئەم قۆناغەی پاركەكە پێکدێت لە جۆگەیەکی ئاودێری بە درێژایی 10کم و چەندین هەڵکۆڵینی بەردینی ناوازە لەسەر دیوارەکانی لەخۆدەگرێت و مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری 2 هەزار و 700 ساڵ پێش ئێستا و بەهایەکی گرنگیی جیهانی لە بواری شوێنەواردا هەیە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە قۆناغەكانی دیكەی كاركردن بۆ تەواوكردنی پاركەكە دەڵێت: هەماهەنگی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زانکۆی ئۆدینەی ئیتاڵی و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و لایەنەکانی تری بەشداری ئەو پرۆژەیە بۆ تەواوکردنی قۆناغی داهاتووی ئەو پارکە شوێنەوارییە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026 تەواو ببێت، لە قۆناغی داهاتوودا کار دەکرێت بۆ بەستنەوەی پێگە شوێنەوارییەکانی فایدە، خنس، جەروانە، بەنداوە، هەڵامەتا بە تەواوبوونی ڕووبەری پارکە شوێنەوارییەکە دەگاتە نزیکەی 130 کم2 و دەبێتە یەکێک لە پێگە و پارکە شوێنەوارییە گرنگەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا.

ساسان عەونی، گوتیشی: حکوومەتی هەرێم بایەخی گرنگ بە شوێنەوار دەدات و لە کارنامەی خۆیدا بە سامانێکی گرنگی وەسفکردووە و ئێستاش زیاتر لە 5 هەزار پێگەی شوێنەواریمان هەیە کە کاری کنە و پشکنین لە بەشێکیان دەکرێت و سەدان پێگەی تری شاراوەش هەیە تا ئێستا ئاشکرا نەكراون و پێویستییان بە هەوڵی گەورە و پشتگری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ دۆزینەوە و تۆمارکردن و ساغکردنەوەیان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە درێژەی وتارەكەیدا بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سوپاسی حکوومەتی ئیتاڵیا و وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا و هەموو لایەنە بەرپرسەکان لە حکوومەتی ئیتاڵیا و زانکۆی ئۆدینە و ڕێکخراوی ئەلیفی كرد كە پاڵپشتی دارایی و هونەری ئەم پڕۆژەیە بوون و هاوكات داواشی لێكردن لە هاوکاری و هەماهەنگییەكان بەردەوام بن و لە داهاتووشدا کاری هاوبەش و بەیەکەوەییان لەڕووی زانستی و ئامێر و تەکنۆلۆژیا و ڕاهێنانی توانای مرۆیی کوردستان هەبێت بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار لە كوردستان، پاشان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەدواداچوونی ئیشوكارەكان پاركەكەی بەسەركردەوە و جەختی لەسەر هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەک بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی تری پاركەكە كردەوە.