دیاری حوسێن: پێویستە یاسایەکی تایبەت بە سزای خیانەتی نیشتیمانی لە پەرلەمانی کوردستان دەربکرێت

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک، باس لەوە دەکات، کە خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانیەوە، تا ئێستا لە ماڵەکانی خۆیان هەست بە کرێچیتی دەكەن و لە فەرمانگە و شوێنی کارەکانیان دڵنیا نین کە کەی دەردەکرێن، تەعریبیش بە شێوەیەکی چڕ دەکرێت.

دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک راگەیاند: ”خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هێندە گەورەیە، هەرچەندە قسەی لەسەر بکرێت هێشتا کەمە، خەڵک لەدوای ئەو رووداوانە و هاتنی سوپا و بەتایبەت حەشدی شەعبی، تووشی نەهامەتی و چەرمەسەرییەكی زۆر بوون، تا ئێستاش لێکەوتەکانی هەر بەردوامن. تەعریب لەو ناوچانە بە شێوەیەکی چڕ دەکرێ، تەنانەت لە شەستەکانی سەدەی رابردوو، تا 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەو شێوازە تەعریب نەکراوە، جگە لەوەش، فەرمانبەران لە فەرمانگەکانیان دڵنیا نین چ کاتێک دەردەکرێن، دوکاندارەکان نازانن کەی دەست بەسەر دوکانەکانیاندا دەگیرێ، خێزانەکان لەنێو ماڵی خۆیان هەست بە کرێچێتی دەکەن و چاوەڕێی ئەوەن دەربکرێن.“

گوتیشی: “خەڵک دەزانێت و بینی، کە ئەنجامدەرانی ئەو خیانەتە کێ بوون، یەکێتی لە کادرەکانی بەرپرسیارە و دەبوو کاتێک هەڵەیەکی وایان کرد، سزایان بدات و راگەیاندراوێکی دەربکردایە، ئاماژەیان بە خاکفرۆشیی ئەو کەسانە بکردایە و لەنێو ریزەکانی یەکێتی دەری كردبان و بگوترایە، کە چی دیکە ئەو کەسانە پەیوەندییان بە یەکێتییەوە نییە، بۆیە تەنیا گرووپێک تاوانبار نییە، بەڵکوو یەکێتی تاوانبارە و بێهەڵوێست بوو لەئاست ئەو خیانەتەدا و بێدەنگیی هەڵبژارد.”

دیاری حوسێن، بە گرنگی دەزانێت، کە لە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە سزادانی ئەو کەسانە دەربکرێت، کە خیانەت بە گەل و نیشتمان دەكەن، بەبێ رەچاوکردنی پلە و پۆستیان، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەست بۆ خیانەتکردن لە گەل و خاک و نیشتمان ببات.

ھەواڵی زیاتر