پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تێدەپەرێت، لەو رۆژەدا ھێرش کرایە سەر کوردستان و لە رێککەوتنێکی نھێنیدا کەرکووک رادەستی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان کرا. ئامانجی ئەو ھێزە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری نەبوو، بەڵکو پیلانەکە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە خاڵەکانی پردێ، سحێلا و مەحموودیە توانیان بەرگرییەکی بێ وێنە لە ھەرێمی کوردستان بکەن و ھێزە میلیشیاکان بووەستێنن، ئەو کات سەرۆک کۆماری عێراق کە پارێزەری دەستوورە بۆ یەک چرکەش ھەڵوێستی لەسەر ئەم پرسە نەبوو.

دەستپێکردنەوەی تەعریبی ناوچە کوردستانیەکان
١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، کەرکووک، شارۆچکەی خورماتوور و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەدەستی باڵێکی نێو یەکێتی بەرێککەوتنێکی ژێربەژێر رادەستی حەشدی شەعبی کران، بەو ھۆیەوە دەیان ھەزار کوردی کەرکووک و دەوروبەری ئاوارەی شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوون و بە سەدان خانووی ھاووڵاتییانی کورد لە خورماتوو و کەرکووک تاڵان کران و سوتێندران و تەقێندرانەوە، بە ئێستاشەوە بارودۆخی ئەم ناوچانە لەژێر ھەڕەشە و گوشاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدایە.
ئێستا لە ناوچە کوردستانیەکان جگە لە تەعریب و داگیرکاری، دۆخی ئەمنیش خراپە و داعش چالاکییەکانی زیاتر کردووە، بەجێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ئەم کێشانە چارەسەر دەبن، بەڵام حکوومەتی عێراق رێگرە لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە، کە لە دەستووردا جێگیرکراوە.
ئامانجی پیلانەکە گەورەتر بوو لەوەی جێبەجێ کرا
دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر کەرکووک لەڕووی سیاسیی، ئیداری و یاسایی بە ئاقارێکی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و ئێستا ھێزێکی سەرکوتکاری وەکو سەردەمی بەعس کەوتووەتە گیانی فەرمانبەر و ھاووڵاتییانی کورد و بەبیانووی ھەڵکردنی ئاڵا و پشتگیریکردن لە گشتپرسی دەریان دەکەن و ئازاریان دەدەن.
ئێستا لە ھەر کاتێک زیاتر خەڵکی کەرکووک، پێویستییان بە پاڵپشتی و ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ رزگاربوون لەدۆخی سەپێنراو و گەمارۆی سەربازی و سیاسەتی تەعریب و فەرامۆشکردنی کورد، چونکە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا جگە لە تەعریب، کورد زیاتر لە ١٠٠ پۆستی ئەمنی و ئیداری لە دەستداوە.
ئامانج لەو پیلانە و ھێنانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری نەبوو، بەڵکو پیلانێک بوو بۆ ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری و یاسایی ھەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە خاڵەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودیە، توانییان بەرگرییەکی بێوێنە لە ھەرێمی کوردستان و دەستەکەوتەکان بکەن و ھێزە میلیشیاییەکان بوەستێنن.
تێکشکانی پیلانەکە لەسەر دەستی پێشمەرگە
رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، میلیشیا و سوپا بەرەو شارۆچکەی پردێ و بازگەی شێراوەی پارێزگا ھەولێر جووڵەیان پێکرا، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لە پردێ بەرەنگاریان بوونەوە و دوای سووتاندنی تانکێکی ئەبرامزی ئەمەریکی میلیشیاکان ناچار بە پاشەکشێ کران.
سەروان ئەحمەد، شارەزا لە بواری دەستوور، بۆ ھەولێر دیارکرد:” خیانەتی گرووپێکی ناو لایەنێکی سیاسی لە ‌١٦ی ئۆکتۆبەر وای کرد، کە جارێکی دیکە ناوچە ‌کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بکەونەوە دەستی حکوومەتی عێراق، کە بە خوێنی ھیزی پێشمەرگە وەرگیرابوونەوە، ئەو بارودۆخەی کەرکووک نادەستووری و نایاساییە ھێز بەکارھێنرا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەوە پێچەوانەی ماددەی ٩ی دەستوورە، جا لەبەر ئەوە ھەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت، دەبێت ھەموو حزبە کوردستانییەکان پێکەوە چ لە پەرلەمانی عێراق، چ لە پەرلەمانی کوردستان، چ حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک لە دادگای ئیتحادی سکالا تۆمار بکەن لەسەر ئەو بارودۆخە، بە زووترین کات ئەو ناوچانە چۆڵ بکرێن، چونکە ئەو ناوچانە، دەکەونە سنووی ماددەی ١٤٠، نابێت ھێزی سەربازی حکوومەتی فیدڕاڵی تێدا بێت، لەرووی سیاسییەوە دەبێت ھەموو حزبەکان ھەڵوێستیان ھەبێت، چ لەسەر ئاستی پەرلەمان، چ سەرۆککۆمار، دەبێت رێگە نەدرێت چی دیکە ئەو بارودۆخە درێژە بکێشێت، چونکە رۆژبەرۆژ ئەو ناوچانە تەعریب دەکرێن، بۆیە دەبێت بە گوێرەی دەستوور چارەسەری کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بکرێت.
نەهامەتیەکانی خەڵکی کەرکووک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە “ھەولێر:”ـی راگەیاند، ئێستا کەرکووک وەکو سەربازگەیەکی گەورە لێ ھاتووە، خەڵک لەناو زیندانێکی گەورەدا دەژیت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری نییە، بارودۆخی ئەمنی خراپە، دزی و تاڵان زۆر بووە، کوشتن زۆر بووە، ئەوەش وای کردووە خەڵکی کەرکووک رۆژانە خانووەکانی خۆیان بفرۆشن و ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ببن.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ئاشکراشی کرد:” کەرکووک بە درێژایی مێژوو لە ١٩٦٨ـەوە کە زیاتر لەو کاتەوە تەعریب دەستی پێ کردووە، ئەو ئێش و ئازارەی خەڵکی کەرکووک لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ماوەی ئەو ٥ ساڵەدا بینیوە، لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا ئەو ئێش و ئازارەی نەبینیوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە رۆژانە بە دەیان کێشە رووبەرووی خەڵکی شارەکە دەبنەوە.
حکوومەتی نوێی عێراق و دۆخی کەرکووک
جەختی لەوەشکردەوە:” دەبێت کورد بەرنامەیەکی ھەبێت، پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دەربکات، بۆ ئەوانەی خیانەت دەکەن، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا کەسێکی دیکە خیانەت لە کورد و کوردستان نەکات و خاکی کوردستان نەفرۆشێت.
دەربارەی ئاسایکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، زیاتر دەڵێ:” دوای دەستنیشانکردنی سەرکۆمار و پێکھێنانی حکوومەت ھیوا ھەیە کار بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور، چونکە ئەگەر بەپێی دەستوور کار بکرێت، ھەموو کێشەکان چارەسەر دەبن و بارودۆخی کەرکووک ئاسایی دەبێتەوە و ھێزەکانی حەشد و ھێزەکانی دیکە دەچنە دەرەوە و ھێزی ھاوبەش ئەمنیەتی شارەکە دەپارێزن، بۆیە داواکارین ھەر چی زووە حکوومەتی نوێ پێک بێت، بۆ ئەوەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان چارەسەر ببێت، چونکە ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر بارودۆخی کەرکووک تێک چووە و تەعریب زیاتر بووە”.

ھەواڵی زیاتر