جگەرەکێشان یەکێکە لەو دیاریدە باوە ناشرینانەی کە لە جیهاندا هەیە، ئێمەی کوردیش وەک دیاریدە و خویەک وەرمان گرتووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ هەیە و دەبێتە هۆی توشبوونی جگەرەکێش بەچەندین نەخۆشی دەروونی و جەستەیی.
هاوکات جگەرە بکوژێکی سەرەکی مرۆڤە و ساڵانە بەدەیان ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن، هەربۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەوڵبدەن بەڕۆشنبیری گشتی و هەوڵدان بۆ دەرخستنی زیانەکانی لەڕێگەی کۆڕ و سیمیناری تایبەت بەزیانەکانی جگەرە و فشار خستنە سەر حکومەت بۆ دەرکردنی بڕیار ویاسا لەپێناو قەدەغەکردنی هێنانی جگەرە لەلایەن بازرگانانەوە.
لەهەمانکاتدا گرنگە لە خوێندنگاکاندا وەک بابەتێکی سەرەکی خوێندن زیانەکانی بخەنەڕوو، خێزانیش دەبێت ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لەنەهێشتنی ئەم دیاردەیەدا و ڕێگانەدات منداڵ و هەرزەکارەکانیان جگەرە بکێشن.
هەرچەند هەوڵدان هەبووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە و نەیتوانیووە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێگربێت لەو ملیۆنان کەسەی کەساڵانە بەهۆی ئەم دیاریدەیەوە گیان لەدەست دەدەن.
تەمەنی جگەرەکێشان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزارساڵ پێش ئێستا و خەڵکی لەقەدو گەڵای درەختەکان جگەرەیان دروست کردووە و کێشاویانە، هەرچەندە هەندێک وەک شتێکی نوێ و مۆدێرن وەریان گرتووە و پێیان وابووە داهێنانیان کردووە.
لەجیهاندا ڕۆژێک بۆ فڕێدانی جگەرە دانراوە کە 30 مانگی ئایارە، بەڵام تەنها ڕۆژێک بەس نیە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاریدەیە کەچەندین زیانی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندرووستی جەستەی و دەروونی مرۆڤ.
ئەمە جگە لەوەی ساڵانە چەندین ملیۆن دۆلار خەرج دەکرێت لەدروستکردن و کڕینی جگەرەدا ، جگەرە کێشان خووە و مرۆڤی جگەرەکێش ئالودە دەکات، هەر بۆیە هەرشتێک خوو بێت واتا لەتوانا و ئیرادەی مرۆڤدایە وازی لێبهێنێت.
ئیرادەی مرۆڤیش زۆر لەوە گەورەترە کەنەتوانیت وازی لێبهێنێت، من لێرەدا زیانەکانی لەڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتیەوە دەخەمە ڕوو زیانەکانی جگەرە کێشان لەڕوی تەندرووستیەوە
1- پێکهاتەی جگەرە زۆر مەترسیدارە و زیاتر لە 600 ماددەی کیمیایی زیان بەخشی تێدایە کە سەرەکیترینیان بریتیە لە “نیکۆتین، کاربۆن مۆنۆکۆسایە، تار، سیانە هایدرۆجین، ئامۆنیا و چەندین پێکهاتەی دیکەی تامدار و بۆندار” بۆ ئاڵوودەبوونی کەسی جگەرەکێش، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر دروست بکات.
ئەگەر ئەو بڕە نیکۆتینەی لەجگەرەیەکدا هەیە، ڕاستەوخۆ بکرێتە ناو خوێنی هەر تاکێکەوە، ڕاستەوخۆ پاش چەند خولەکێک دەیکوژێت.
2- بەهۆی جۆر و پێکهاتەکەیەوە بەیەکێک لەگرنگترین هۆکاری توشبوون بە نەخۆشیەکانی شێرپەنجەی قوڕگ و سی دادەنرێت، دەبێتە هۆی گرتنی بۆری هەناسەدان و بەرز بوونەوەی پەستای خوێن، هەندێکجاریش کوشتنی کەسەکان.
3-جگەرەکێشان دەبێتە هۆی کەم خۆری و لاوازی جەستە، یاخود قەڵەو بوونی نائاسایی کەسی جگەرەکێش، بەهۆی دروست بوونی چەندین نەخۆشی لەجەستەدا.
4- هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و لاواز بوون، ڕەنگە تەواو ئەو ئارەزووە لەناوبەرێت.
5- دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی چەوری و خەستی خوێن زیاد دەکات، لەئاکامدا جەڵتەی لێدەکەوێتەوە، وەک جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ، کە زۆرجار کەسەکان بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ دەمرن یاخود بەشێکی جەستەیان لەکاردەکەوێت .
6- کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بینین و هەندێک جار نەمانی توانای بینین هەیە.
7ـ کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئافرەتی دووگیان، هەندێکجار دەبێتە هۆی ناتەواوی کۆرپەلە .
8- کاریگەری لەسەر چالاکی گورچیلە هەیە و ناهێڵێی وەک پێویست کاری خۆی بکات .
9- هۆکارە بۆ تووشبوونی چەندین نەخۆشی درێژخایەن، بەمەش مرۆڤەکان لە مردن نزیک دەکاتەوە و تەمەنی کورت دەکات.
زیانەکانی جگەرەکێشان لەڕووی کومەڵایەتیەوە:
1-بوونی بۆنێکی ناخۆش لە هەناسەی کەسی جگەرەکێش، کە دەبێتە هۆی بێزاربوونی ئەو کەسانەی نزیکی دەکەونەوە یان قسەیان بۆ دەکەن.
2-دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش لەپۆشاک و ماڵ و شوێنی کارکردنی ئەو کەسانەی جگەرەکێشن، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت و لەبری دڵخۆشبوون بەسەردان کردنیان کەسانی چواردەوریان بێزار دەبن.
3-بەفیڕۆدانی پارەیەکی زۆر بەخۆڕایی، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کەسەکان، پەنا بۆ بەدەستهێنانی پارە بدەن بەشێوەیەکی نەشیاو.
4- هەندێک جار کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات لای دەورووبەر، بەهۆی داواکردنی جگەرە یاخود پارە.
5- کێشانی جگەرە لەشوێنی نەشیاودا و تێکەڵکردنی بەکەسانی خراپ، هەندێک جار منداڵ بەکاردەهێنرێت، تا دەگاتە دەستدرێژی سێکسی یان لێدانیان یان توشبوونیان بەشەڕ و ئاژاوە .
6-دورکەوتنەوەیان لەکۆمەڵ و هەندێکجار توشبوونیان بەچەندین نەخۆشی دەروونی .
7-نزیک بوونەوە و تێکەڵبوونی کەسی جگەرەکێش بە کهول خۆرەکان، یان کێشانی ماددەی هۆشبەر بەمەش دەبێتە بەڵایەک بەسەر خۆیان و خێزان و کۆمەڵ و تەنانەت حکومەتیشەوە .
زیانی ئابووری جگەرە کێشان:
1-ساڵانە چەندین ملیار دۆلار لەهەمو جیهاندا بۆ دروستکردنی کارگە و بەرهەم هێنان و هەناردە و هاوردەی جگەرە خەرج دەکرێت و بەفیڕۆ دەڕوات .
2- بەهۆی تووشبوونی خەڵک بەو نەخۆشیانەی، کە بەهۆی جگەرەوە بڵاودەبنەوەم ساڵانە بڕێک پارەی زۆر خەرج دەکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
3-یەکێکە لەهۆکاری توشبوون بە چەندین نەخۆشی کوشندە و درێژخایەن بەمەش ئەرکی نەخۆشخانەکان قورستر دەکات.
بەڵام جگەرەکێشان هیچ سوودێکی نیە.