پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕاگەیندراوی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و شاندی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت

سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێكی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لەوە کردووە کە “پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان پێویستە رێککەوتن بکرێت.”

رۆژی دووشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2022، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت كرد. شاندەکە پێکهاتوون لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق؛ فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکیی هاوپەیمانیی سەروەری و محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران. 

بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و رێڕەوی دانوستاندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی عێراق تاوتوێ كراون. 

رۆژی یەکشەممە 09-10-2022، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا کۆبووەوە و تێیدا یەکێتی و پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتنە رێککەوتن و رۆژی چوارشەممەش بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکراوە.  

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، وەک بارەگای بارزانی دەڵێت، “لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەیشتن بە چارەسەر رێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بەم پرسە.” 

دەقی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكات

رۆژی دووشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2022، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و رێڕەوی دانوستاندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵی تاوتوێ كرا. 

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر دیراسەكردنی ئەو بابەتە هەستیارانە و گەیشتن بە چارەسەر رێككەوتن، ئەویش بەر لە بەستنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی تایبەت بەم پرسە.