هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

باڵیۆزی ئەڵمانیا بۆ مەسرور بارزانی بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارتن یێگەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرنگیی سەقامگیربوونی بارودۆخی ناوچەکە کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئۆکتۆبەر(تشرینی یەکەمی 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.

ئاماژە بەوەشدرا، لە کۆبوونەوەکەدا کە کلاوس شترایشەر کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوو، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.

لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد و سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی حکومەتی ئەڵمانیاشی کرد.

ئەوەش خرایەڕوو، باڵیۆزی ئەڵمانیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئاڵوگۆڕ کرا. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی بەشداریی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بڕیاری سیاسیی عێراق و هاوسەنگی و سازان کردەوە.

ئەوەش خرایەڕوو، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و گرنگیی سەقامگیربوونی بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.