هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

یەکیەتی ئەوروپا: تەنیا لە مانگی تەمووزدا ٩١٠٠ هاووڵاتی سووری داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە

یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، لە تەممووزی ئەمساڵدا 70 هەزار داواکاریی پەنابەرێتی پێشکێشی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کراون کە سەروو 9 هەزاریان هاووڵاتیی سووری بوون. 

رۆژی هەینی، 7ـی تشرینی یەکەمی 2022، ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پەناخوازی راپۆرتێکی لەبارەی پێشکێشکردنی داواکاریی پەنابەرێتی لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا داوای پەنابەرێتی دەکەن 70 هەزاری تێپەڕاندووە و گوتیشی، ئەمە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووینەداوە.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی ئاژانسەکە، بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، ژمارەی پەناخوازان نزیکەی 20 هەزار و بەراورد بە ساڵی پێشتر نزیکەی 28 هەزار زیادیکردووە. 

بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پەناخوازی، تەنیا لە مانگی تەممووزدا 9 هەزار و 100 پەناخوازی سووری داوای پەنابەرێتییان پێشکێشی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا کردووە. دواتریش پاکستانییەکان دێن و  سێ هەزار و 800 کەس داواکارییان پێشکێشکردووە. هاووڵاتییانی هەڵگری وڵاتینامەی تورکیاش لە پلەی سێیەمدا بوون و سێ هەزار و 800 کەسیان داوایان پێشکێشکردووە. دواتریش ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا، هیندستان و توونس دێن. 

ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەوروپا باس لە ژمارەی ئەو کەسانە دەکات کە بەبێ بوونی سەرپەرشت کۆچیان کردووە و دەڵێت، تەنیا لە مانگی تەممووزدا نزیکەی سێ هەزار و 700 کەس بەبێ بوونی سەرپەرشتێک لەگەڵیان کۆچیان کردووە و لە وڵاتەکانی یەکێتیی ئەوروپا داوایان کردووە مافی پەنابەرێتییان پێبدرێت. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بەراورد بە مانگی حوزەیران ژمارەی ئەو جۆرە کۆچبەرانە 14٪ زیادیکردووە. 

پەناخوازانی سووریا

راپۆرتەکە دەشڵێت، ژمارەی کۆچبەرانی بێسەرپەرشت لە سووریا رووی لە زیادبوون کردووە. دواتریش وڵاتانی وەکو میسر، مەغریب و توونسی بەدوایدا دێن، بەجۆرێک کە سەروو 700 پەناخوازی سووریا ئەوانە بوون کە بەبێ بوونی سەرپەرشت لەگەڵیاندا داواکاریی پەنابەرێتییان پێشکێشکردووە؛ ئەوەش لەدوای ساڵی 2015ـەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.  

ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەوروپا باس لەوەش دەکات کە راییکردنی مامەڵەی پەناخوازان لە مانگی تەممووزدا 41٪ بووە کە وەکو خۆی دەڵێت “بەراورد بە مانگی پێشتر دابەزیوە”. دەشڵێت، 54٪ـی ئەوانەی مامەڵەکانیان راییکراوە مافی پەنابەرێتییان پێدراوە و 46٪ـەکەی دیکەشیان “مافی پاراستنیان” پێدراوە. 

راپۆرتەکەی ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا دەشڵێت، لە مانگی تەممووزدا 53 هەزار و 800 دانیشتنی دادگە بۆ کەیسی پەناخوازان بەرێوەچووە و دەشڵێت، لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە یەکەمجارە ژمارەی پەناخوازانی سووریا بەو رێژەیە بەرزبێتەوە. 

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی تەممووزدا لەدوای ئەفغانستانییەکان، سوورییاییەکان پلەی دووەمیان گرتووە لە بەرزترین ئاستی پێشکێشکردنی داواکاریی پەناخوازی بەجۆرێک پەناخوازانی سووریا 12٪ـی کۆی ئەو داواکارییانە پێکدەهێنن کە لەو مانگەدا پێشکێشکراون. دەشڵێت، 96٪ـی ئەو پەناخوازە سوورییانەش یەکەمجاریان بووە داواکارییەکەیان پێشکێشکردووە. 

سەبارەت بە بڕیاردان لە کەیسی پەناخوازان لە یەکەم چاوپێکەوتندا، ئاژانسەکەی یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت، پەناخوازە سووریاییەکان لە سەرووی هەموو پەناخوازەکانەوە دێن بە جۆرێک تەنیا لە مانگی تەممووزدا لە یەکەم چاوپێکەوتندا بڕیار لەسەر کەیسی 9 هەزار و 900 پەناخوازی سووریایی دراوە. دەشڵێت، ئەو ژمارەیە بەراورد بە مانگی حوزەیران 17٪ دابەزیوە. 

جگە لەوەش کەیسی 700 پەناخوازی سووری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا راگیراوە و هۆکارەکەشی بۆ پاشگەزبوونەوە لە داواکاری دەگەڕێنێتەوە. 

لە لایەکی دیکەوە بەگوێرەی ئاژانسی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پەنابەران، تەنیا لە مانگی تەممووزدا راییکردنی کەیسی پەناخوازان بۆ هاووڵاتییانی سووریایی  93٪ بووە، واتە 93٪ـی کۆی ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی کە داواکاریی پەنابەرێتییان پێشکێشکردووە، چاوپێکەوتن بۆ کەیسەکانیان کراوە، ئەوەش بەرزترینە لەنێو هەموو وڵاتانی دیکەدا. هاوکات، ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەوروپا دەشڵێت، سێیەکی ئەو پەناخوازە سوورییانەی لە مانگی تەممووزدا کەیسەکانیان راییکراوە، مافی پەنابەرێتییان پێدراوە و ئەوانی دیکەش مافی پاراستنیان پێدراوە. مافی پاراستنیش بۆ بەو کەسانە دەدرێت کە مافی پەنابەرێتی وەرناگرن، بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.