ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بڕیارى خەرجکردنى پارەى گەنمى سێ ساڵى پێشووتری جووتیارانى هەرێمى کوردستانى دەرکرد و بڕیارە هەفتەى داهاتوو پارەى گەنمى ساڵی 2014 رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت.
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەمیندارێتیی گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە ئەمڕۆ 6ى تشرینى یەکەمى 2022 دەریکردووە، ئاماژەى بەوە داوە، لەبەر رۆشنایی بڕیارى ژمارە 270ى ئەنجوومەنى وەزیران، کە لە کۆبوونەوەى ئەو ئەنجوومەنە لە 4ى تشرینى یەکەم دراوە، شایستەى دارایی گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵانى (2014، 2015، 2016) خەرج دەکرێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند : “لەگەڵ وەزارەتى بازرگانى عێراق قسەم کردووە و بڕیارە هەفتەى داهاتوو یەکەم کاروانى ئەو پارەیەى گەنمى جووتیاران رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ ساڵى 2014 و قەرزەکانى دیکەش دواى ئەوە دەنێردرێن”.
د. نەرمین مەعروف ئاشکرای کرد، قەرزى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو سێ ساڵە 309 ملیار دینارە.
لە ساڵى 2014 بەپاساوى قەیرانى دارایی، حکومەتى فیدراڵى پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستانى راگرت و تاوەکو ساڵى 2017 پارەی گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان نەدرا و پارەى ئەو سێ ساڵە وەک قەزر لەلاى حکومەتى فیدڕاڵى مایەوە.