دەبێت تا كۆتایی ساڵ توركیا خۆی یەكلایی بكاتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای پشوویەكی سێ مانگە، دەرگای پەرلەمانی توركیا بۆ پەرلەمانتاران كرایەوە، چەندین دۆسیەی گرنگ هەن دەبێت دەنگی لەسەر بدرێت، دیارترینیان بەئەندامبوونی سوید و فینلەندایە لە ناتۆ، كە ئەگەر رەزامەندی پەرلەمانی توركیای لەسەر نەبێت، پرۆسەكە رادەوەستێت. پەرلەمانی توركیا چاوەڕێیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، داوا لە پەرلەمان بكات دەنگ لەسەر ئەندامبوون یان ئەندامنەبوونی ئەو دوو وڵاتە بدەن لە ناتۆ.

رۆژێك بەر لەوەی وەرزی تازەی پەرلەمانی توركیا دەستبەكار بێت، سوید بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندی توركیا دا؛ ئەویش هەڵگرتنی فرۆشتنی چەك بوو بە توركیا، كە لە 2019، بەهۆی ئەوەی توركیا پەلاماری یەپەگەی دا لە رۆژئاوا، سوید قەدەغەی فرۆشتنی چەكی بە توركیا لەناو پەرلەماندا پەسند كردبوو.
ئەم بڕیارەی سوید، بووە مایەی دڵخۆشی توركیا، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی، ئەردۆغان پەلە بكات لە ناردنی یاسای ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ بۆ پەرلەمان.
بۆ ئەوەی پەرلەمانی توركیا ئەو دۆسیەیە یەكلایی بكاتەوە، ئەردۆغان كات دیاری دەكات، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران دەنگ لەسەر ئەندامبوون یان نەبوونی ئەو دوو وڵاتە بدەن لە ناتۆ، بەڵام بەگوێرەی یاسای ناتۆ، دەبێت تا كۆتایی ساڵ توركیا خۆی یەكلایی بكاتەوە.
لە چەند رۆژی داهاتوو، سوید و فینلەندا كۆبوونەوەیەكی گرنگ دەكەن، لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو داواكارییەی توركیا دەكەن، كە داوای كردبوو ٦٣ ئەندامی سەر بە پەكەكە رادەستی توركیا بكرێنەوە.
وەكو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، وەزارەتی دادی توركیا ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت و بڕیاری كۆتایی لەوڕووەوە دەدرێت.
ئەگەرچی بەرپرسانی سوید دەڵێن، هەرگیز ئەو داواكارییەی توركیا جێبەجێ ناكەین، بەڵام بەشێك لە چاودێریانی سیاسی پێیانوایە، ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ چارەنوسسازە، بۆیە رەنگە بێنە ژێر باری داواكارییەكەی توركیا و ئەو لیستەی داوای كردووە، هەموویان رادەستی توركیا بكەنەوە، بەڵام بەو مەرجەی بەشێوەیەكی عادیلانە دادگایی بكرێن و لەژێر چاودێری مافی مرۆڤی جیهانیش پڕۆسەكە بەڕێوە بچێت.
لەكۆی 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، 28 وڵات لەناو پەرلەمانی خۆیاندا رەزەمەندیان داوە سوید و فینلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، تەنیا هەنگاریا و توركیا ماون.
هەنگاریا پڕۆسەكە تا كۆتایی ساڵ كۆتایی پێدەهێنێت و چاوەڕوان دەكرێت رەزامەند بن، بەڵام توركیا دەڵێت تا داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت، ئێمە رەزامەندی نیشان نادەین.
ئەگەر توركیا ڤیتۆی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە بكات، ئەوكات خەونی بوونی ئەندامی سوید و فینلەندا لە ناتۆ كۆتایی پێدێت.
دەبێت ئەوەش باس بكرێت، توركیا رەزامەندی نەدات دووچاری زیانی گەورە دەبێتەوە، رەنگە یەكێتی ئەورووپا سزای بەسەردا بسەپێنێت و پەیوەندی ئابووریشی لەگەڵ سنووردار بكات و ئەمریكاش بەهەمان شێوە سزای سەربازی توركیا دەدات.
دوای ئەوەی رووسیا پەلاماری ئۆكڕاینایدا، سوید و فینلەندا لە غەزەبی رووسیا ترسان و بەفەرمی داوایان لە ناتۆ كرد تا ببنە ئەندام.
لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆش لە مەدرید لە 29ـی حوزەیران، پرۆسەكە بە فەرمی كرا و داوا لە وڵاتان كرا، لەناو پەرلەمانی خۆیان رەزامەندی دەرببڕن بۆ ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە.
لە كۆی 30 وڵات، تەنیا هەنگاریا و توركیا ماون، تا رەزامەندی بدەن و لەرێگەی پەرلەمانەكەیانەوە ئەو دوو وڵاتە بكەنە ئەندامی ناتۆ و لە غەزەبی رووسیا بیانپارێزن.

ھەواڵی زیاتر