هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

میرحوسێن موسەوی داوا لە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکات بچنە بەرەی خەڵک

میرحوسێن موسەوی، سیاسەتمەداری دیاری ریفۆرمخوازی ئیران، لە نامەیەکدا داوای لە تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە، بچنە بەرەی خەڵک.

میرحوسێن موسەوی، لە نامەکەیدا روو لە هێزە چەکدارەکانی ئێران، نووسیویەتی: پێویستە لەو دۆخە هەستیار و خەمبارەدا، بەڵێن و پەیمانی پارێزگاری لە ئێران و سەروماڵی خەڵک و مافەکانیان، بەبیر هێزە چەکدارەکان بهێنمەوە. ئێستا کە ژنان و هاونیشتمانیانمان بە یادی ئەو [ژینا ئەمینی] سەدان داواکاری لەبیرکراو، دەنگیان هەڵبڕیوە، کەس مافی ئەوەی نییە لەسەر فەرمانی گەورەکانی، وەک دارەدەستێکی چاوبەستراو، لە بەرامبەر نەتەوەی خۆی بوەستێ و بەڵین و پەیمانی خۆی بەرامبەر بە نەتەوەکەی لەبیر بکات.

موسەوی بە هێزە چەکدارەکانی گوتووە، “ئەو دەسەڵاتەی بە ئێوە دراوە، بۆ پاراستنی خەڵکە نەک سەرکوتکردنیان، بۆ پاراستنی چەوساوانە نەک نۆکەری دەسەڵاتداران و زاڵمان، بۆ ئارامیی ملیۆنان خەڵک و بەتایبەت هەژارانە، نەک بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی بێئاگا. بەو هیوایەی بچنە بەرەی راستی و خەڵک”.

ئەوە، گرنگترین نامەی سیاسەتمەدارانی ناوخۆی ئێرانە بۆ پشتگیری لە خۆپێشاندەران و لە یەکەم داواکانی چوونی هێزە چەکدارەکانە بۆ ناو بەرەی خەڵک.

نامەکەی میرحوسێن موسەوی بە “کچی ئێران، کچی کوردستان، کچی مرۆڤ” دەست پێدەکات و لەگەڵ ئاماژەدان بە ژینا ئەمینی و کوژرانی، هاتووە “بە هۆی مردنی جەرگبڕی، مێژووی ئەم وڵات و ئاسمانە دەگۆڕدرێت”.

موسەوی نووسیویەتی: خوێنی چەوساوان لە زوڵمی زاڵمان بەهێزترە، رۆژی چەوساوان لە رۆژی زاڵمان پیرۆزترە، ئایینی ئەوان لە ئایینی سەپێندراو و ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، رووناکترە.

میرحوسێن موسەوی، بۆ ماوەی هەشت ساڵ (1981-1989) دوایین سەرۆکوەزیرانی ئێران بووە. ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێراندا، وەک پاڵێوراوی ریفۆرمخوازان چووە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵام سەرکەتوو نەبوو.

موسەوی پێیوابوو لەو هەڵبژاردنەدا، “ساختەکاری زۆر کراوە”، بۆیە شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی، زۆربەی شارەگەورەکانی ئیرانی گرتەوە و بە “بزوتنەەوی سەوز” ناوی دەرکرد. دوای ئەو رووداوانە و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، حوسێن موسەوی و زەهرا رەهنەوەردی هاوسەری تا ئێستاش لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەرن.