هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بایدن بۆ پووتین: بەرگری لەهەر بستێکی خاکی ناتۆ دەکەین

دوای راگەیاندنی لکاندنی چوار ناوچەکەی ئۆکراینا بە رووسیاوە لەلایەن سەرۆکی رووسیاوە، جۆ بایدن هۆشداری دەدات لەوەی ناتۆ بەرگری لە هەر بستێکی خاکی ئەندامەکانی دەکات. 

ئێوارەی رۆژی هەینی 30ـی ئەیلوولی 2022 دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا حاکمی ناوچەکانی لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆنی بانگکردە کرێملین و لەوێ لکاندنی هەر چوار ناوچەکەی بە رووسیاوە راگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، هاوپەیمانیی ناتۆ بەرگریی “لە هەر بستێکی خاکەکەی دەکات، ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر.” 

بایدن گوتیشی، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناترسن و بەم هەنگاوەش رووسیا “ناتوانێت” ئەوان بترسێنێت. دوای ئەوە، بایدن راستەوخۆ رووی قسەکانی کردە پووتین و هۆشداریدایە رووسیا لە ئەگەری هێرشکردنە سەر خاکی هەر ئەندامێکی ناتۆ. 

بایدن باسی لەوەش کرد: “ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، بەتەواوەتی ئامادەیە بۆ ئەوەی بەرگری لە هەر بستێکی خاکی ناتۆ بکات.” گوتیشی: “بەرێز پووتین، لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانم مەکە و دەڵێم، هەر بستێک.” 

رۆژی 23 تاوەکو 27ی مانگی رابردوو، گشتپرسی لە پارێزگاکانی خێرسۆن، دۆنێتسک، لوهانسک و زاپۆریژیای ئۆکراینا بەڕێوەچوو. 

بەگوێرەی ئەنجوومەنی سەرپەرشتی گشتپرسییەکە، 94.3%ی بەشداربووانی گشتپرسییەکەی ئەو چوار پارێزگایە دەنگیان بە “بەڵێ” بۆ جیابوونەوە لە ئۆکراینا و چوونە سەر رووسیادا. 

لە پارێزگای دۆنێتسک رێژەی بەشداریکردن 97.51% بوو و دەنگی بەڵێ-ش 99.23% بوو. لە پارێزگای لوهانسک رێژەی بەشداری 92.6% بوو و 98.42% بەشداربووان دەنگیان بە بەڵێ-دا. 

لە پارێزگای خێرسۆن رێژەی بەشداریکردن 76.86% بوو و 87.05% دەنگیان بە بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە ئۆکراینادا. لە پارێزگای زاپۆریژیا رێژەی بەشداری 85.4% بوو و لەو رێژەیەش 93.11% دەنگیان بە چوونە سەر رووسیادا. 

رۆژی هەینیش ڤلادیمیر پووتین رێککەوتنی لکاندنی ئەو چوار پارێزگایەی بە وڵاتەکەیەوە واژۆکرد؛ وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، هەرگیز دان بە لکاندنی ئەو ناوچانە بە رووسیاوە نانێن.