شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی بەشەخۆراكی تازە ئاشكرا دەكرێت

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دابەشکردنی سەبەتەی هەشتەمی خۆراکی هاووڵاتییان، زانیاریی نوێ دەخاتە ڕوو و ئاشكرای دەكات، لەم هەفتەیەدا لە زۆربەی ناوچەكان دابەش دەكرێت.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “بەشەخۆراكی هەشتەم هاتووە و لە هەولێرەوە دەست بە دابەشكردنی بەسەر بریكارەكان و هاووڵاتییاندا كراوە”.

لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا، لە ناوچە دوورەکانی پارێزگای هەولێر، دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی تازە كراوە.

سەبارەت بە پارێزگاكانی دیكە، گوتی: “خۆراك بۆ پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش هاتووە، بەڵام ئەوان بەشی حەوتیان تەواو نەكردووە، بۆیە هێشتان دەستیان بە دابەش نەكردووە”.

نەوزاد شێخ كامیل هەواڵێكی خۆشی راگەیاند و گوتی: “لەم هەفتەیەدا بەشەخۆراكی هەشتەم لە هەموو ناوچە و پارێزگاكان دابەش دەكەین و ئەو مادانەی هاتوون دەدرێنە هاووڵاتییان”.

ئاشكراشی كرد، زەیت و برنج و دۆشاوی تەماتە و فاسۆلیا و شەكر هاتوون و مادەكانی دیكەیش دەگەن و دابەشیان دەكەین.

نەوزاد شێخ كامیل، جەختی کردەوە، ئەو مادانەی دێن دابەش دەکرێن، گوتیشی: “هیچ خۆراك و بەشەخۆراكێك نافەوتێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێك جار دوادەكەوێت، بۆ نموونە، لە شارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لە شارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام لەكۆتاییدا هەر دێت و دابەشی دەكەین”.

بە گشتی، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد.