بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ لە هەرێمی کوردستان گوتی، بۆ ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەنمی بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات کە بڕەکەی حەوت هەزار تۆن دەبێت و نرخەکەشی لە بازاڕ ئەرزانتر دەبێت و لە مانگی 11ش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، کە ئێستا لە قۆناغی خاوێنکردنەوەدایە.
ڕێژین سدقی، بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ دەست بە دابەشکردنی گەنمی بنەتۆی جووتیاران بکەین و ئامادەکاریی زۆر باشمان کردووە بۆ ئەوەی بە سەر جووتیاراندا دابەشی بکەین، کە ئێستا لە قۆناغی خاوێنکردنەوەی گەنمی بنەتۆداین.”
بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆ گوتیشی: ”ئەو گەنمەی وەکوو بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت 700 هەزار تۆنە، هەرچەندە ڕێژەکە کەمە، بەڵام ئەوەندەمان لە توانادا هەیە وەکوو هاندانێک بۆ جووتیاران و نرخەکەشی لە بازاڕ ئەرزانتر دەبێت”.
ڕێژین سدقی ڕوونیشی کردەوە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خۆمان هەمیشە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی هاوکاریی جووتیاران بکات، بۆ ئەوەی پەرە بە کاری خۆیان بدەن، چونکە حکوومەت گرنگیی تایبەت بە جووتیاران دەدات و گەنمی بنەتۆش بەپێی پارێزگاکان دابەش دەکرێت.”