بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ جارێکی دیکە دابەزی، ئەوەش دوای بەرزبوونەوە بەرچاوەکەی رۆژی رابردووی کە هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە سەرووی 1660 دۆلار. هاوکات نرخی نەوتی برێنتیش زیاتر لە 40 سەنت دابەزیوە.
رۆژی چوارشەممە، نرخی نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و هەندێک لە زیانەکانی هەفتەی رابردوویان قەرەبوو کردەوە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە زۆری نەخایاند و ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاراستەی هەردوو نرخەکە بەرەو دابەزینە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 1655 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا و هەروەها لێدوانی هەندێ لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بەوەی کە جیددین لە کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-9-2022 دووبارە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بەرزبێتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش کاریگەریی کردووەتە سەر دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان.
بازرگانانی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە چاوەڕوان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەردەوام دەبێت یان کۆتایی دێت بۆ ئەوەی بڕیار لە مامەڵەکانیان بدەن.
نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار زیادبێت، بەو هۆیەشەوە بەهای دۆلار ئێستا لە بەرزترین ئاستەکانی 22 ساڵی رابردوو مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی نەوت دابەزی
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت دابەزی. دابەزینەکەش کاتێک روویدا کە رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت سێ دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
– نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانی ئەمڕۆ 41 سەنت دابەزی و بە 88 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
– نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 35 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت رۆژی رابردوو بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بوو، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووری و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوت دووبارە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینەوەی نرخەکەی.