بەهۆی نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 28-9-2022 نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە یەک دۆلار دابەزی. هاوکات نرخی زێڕیش بەردەوامی بە دابەزینەکانی خۆیدا و هەر ئۆنسەیەک بە 1624 دۆلارە.
ئەمڕۆ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور، یەک دۆلار و هەشت سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 19 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 97 سەنت دابەزی و بە 77 دۆلار و 54 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەرچەندە نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بە بەرزبوونەوە کرایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک رووی لە دابەزین کردەوە.
بەهۆی باهۆزی (ئایان) سەکۆ نەوتییەکانی کەنداوی مەکسیک بەشێوازێکی کاتی راگیران، بەو هۆیەشەوە 190 هەزار بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا کەمبووەتەوە، بەڵام نیگەرانی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە سوودی بانکی بەرزکردەوە، ئەمڕۆ نرخی نەوتی دابەزاند.
یەک ئۆنسە زێڕ بە 1624 دۆلارە
دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی هەفتەی رابردووی خۆی، هەر ئۆنسەیەک بە رێژەی %0.3ـی دیکە دابەزی و بە 1624 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی نرخی زێڕ بەهۆی دووبارە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە کە بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کاڵا و کانزاکان.
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە لێدوانە جیاوازەکانیان جەختیان لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی لەو وڵاتە تاوەکو ئەو کاتەی کە رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ دەکەن.
نیل کاشکاری، بەڕێوەبەری لقی (مینیاپڵس)ـی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچی ئامرازە کە لە بەردەست بانکی ناوەندیدایە بەکاری دەهێنن بۆ دابەزاندنی رێژەی هەڵاوسان و سەقامگیرکردنی نرخەکان.
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان:
100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 525 دیناری عێراقی
یۆرۆ – دۆلار 0.956 EUR/USD
پاوەند – دۆلار 1.0659 GBP/USD
دۆلار – لیرە 18.47 USD/TRY
یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 31 هەزار و 730 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 58.43 روبڵی رووسی