سەهیم عومەر خەلیفە کار بۆ فیلمێکی نوێی سینەمایی دەکات

‘میزۆپۆتامیا کافێ’ نوێترین بەرهەمی بڵندی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کوردە و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی دەکرێت.

سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن سەهیم عومەر نووسراوە و لەلایەن دەزگای سینەما لە بەلجیکا پاڵپشتی دارایی لێکرا، بوودجەی بۆ تەرخان کراوە و بەم دواییە بوودجەی بۆ ئامادەکاریکردن بۆ بەرهەمهێنانی پڕۆژەکە تەرخان کرایەوە.

دەرهێنەری فیلم ئێستا کار بۆ دیاریکردنی ئەکتەر و ستافی فیلمەکە دەکات و بڕیارە لە ٢٠٢٤ کاری وێنەگرتنی دەست پێ بکات.

چیرۆکی فیلمەکە باس لە کافێیەک لە برۆکسلی بەلجیکا دەکات، گەنجێکی باشووری کوردستان بەناوی ئارام سەردانی دەکات، بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئامۆزاکەی هاتووەتە ئەو وڵاتە، بەڵام دوایی پلانی دەگۆڕێت و ژیانی هاوژینەتیی لەگەڵدا پێک ناهێنێت.

سەهیم عومەر خەلیفە، بەردەوام لەلایەن دەزگای سینەمای سەر بە حکومەتی بەلجیکاوە پاڵپشتی لە پڕۆژە سینەماییەکانی دەکرێت کە ساڵانە تەنیا پاڵپشتی لە پڕۆژەی چەند فیلمسازێکی ئەو وڵاتە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، فیلمی سینەمایی ‘میسیی بەغدا’ی خەلیفە کارەکانی تەواو بووە و بۆ چەند فیستیڤاڵێکی گرنگی سینەمایی نێردراوە.

‘میسیی بەغداد’ پێشتر وەک کورتە فیلم بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەیەکی زۆی هەبوو و زیاتر لە ٦٠ خەڵاتی لە فیستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەست هێنا، دواتر بڕیاری بەرهەمهێنانی وەک فیلمێکی درێژ درا.

سەهیم عومەر خەلیفە، لە دایکبووی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆکی باشووری کوردستانە و لە بەلجیا دەژی، بڕوانامەی ماستەری لەو وڵاتە بەدەست هێناوە، خاوەنی چوار کورتەفیلم و دوو فیلمی بڵندی سینەمایی و بەڵگەفیلمێکی درێژە؛ بە فیلمەکانی ١١٠ خەڵاتی بەدەست هێناوە، دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمەکانی لە کورتە لیستی کورتەفیلمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکاردا بوو.

ھەواڵی زیاتر