چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مه‌سرور بارزانی: حکوومەت ئامادەیە کارئاسانی بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران پێشكه‌ش بكات

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری زاخۆ، لە گەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ناوچەکەی کرد، کە هاوکارن لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە دەڤەرەکە.

جەختیشی لەوە کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران، چونکە حکوومەت و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکترن لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری ئابووری هەرێمی کوردستان و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان .

دووپاتیشیکردەوە، پێویستە پرۆسەی وەبەرهێنان بە پێی پلان و پێداویستیی خەڵکی دەڤەرەکە بێت.

لە کۆتاییدا ئامادەبووان پێزانینی خۆیان بۆ کارئاسانی و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و چەندین پێشنیاز و راسپاردەشیان بۆ برەودان بە پرۆسەی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان خستەڕوو.