ڕائیب جادر – هەولێر
کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەپێنراودا دەژین و بەلێشاو عەرەب لە شارەکانی دیکەی عێراق دەھێنرێن و پشتگیریی نیشتەجێبوونیان بۆ دەکرێت. جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، دەڵێ، ھەمان پلان و سیاسەتی بەعس لەبەرامبەر ھاووڵاتیانی کورد لە کەرکووک جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش وای کردووە کورد لەو شارە نەمێنێت و ٨٠٪ـی دانیشتووانی گەڕەکە کوردنشینەکان ببنە عەرەب.
پرۆسەی تەعریب لە پارێزگای کەرکووک بەردەوامە و ھەرجارە و عەرەبە ھاوردەکان بەشێوەیەک ھەوڵ بۆ داگیرکردنی زەوی و گوندە کوردییەکان دەدەن، بەوھۆیەوە بەشێک لە جووتیاران دوای بێھیوابوونیان، گوندەکانیان چۆڵ کردووە.
تەعریب لەسەردەمی مەلیک فەیسەلی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، عەرەب بەلێشاو دێنە ناوچە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانە نەمێنێت، بە ھەزاران عەرەب ھێنراونەتە کەرکووک و نیشتەجێ کراون.
لە کەرکووک کورد زۆرترە، بەڵام تا دێت تەعریب زۆرتر دەبێت، بەگوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەبوایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە ئاسایی کرابایەوە و دواتر سەرژمێری و ریفراندۆمی تێدا کرابایە و چارەنووسیان یەکلا کرابایەوە، جگە لەوەی ھیچ بڕگەیەکی ماددەکە جێبەجێ نەکراوە، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەمان پلان و سیاسەتی بەعس لەبەرامبەر ھاووڵاتیانی کورد جێبەجێ کرا.
لە ماوەی ٦٥ ساڵی رابردوودا سێ جار سەرژمێری لە عێراق كراوە، ساڵی ١٩٥٧ رێژەی کورد لە کەرکووک زیاتر لە ٤٨% بووە، رێژەی عەرەب ٢٨% بووە بەو تەعریبەی کە ھەبووە، لە ساڵی ١٩٧٧ و دوای قۆناغی تەعریب رێژەی کورد بۆ ٣٧% دابەزی، لە بەرامبەردا رێژەی عەرەب بۆ ٤٥% بەرز بووەوە، لە سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧، رێژەی کورد گەیشتە ٢١% و عەرەب بۆ ٧٢% بەرز بووەوە، ئەوە لەسەردەمی رژێمی بەعس بووە، ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، نزیکەی ملیۆنێک و نیو بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ بەھۆی پرۆسەی تەعریبەوە گەیشتووتە زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار کەس.
تەعریبی ئێستا لە ھی سەردەمی سەدام خراپترە، چونکە بە ئارەزووی خۆیان عەرەب لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێننە کەرکووک و بڕیارێکیش دراوە، عەرەب ھەیە لە سەردەمی سەدامەوە ھاتووە و مافی ھەموو شتێکی ھەیە لە کەرکووک، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر کەرکووک و پاشەڕۆژی کورد لەو پارێزگایە.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەولێر، دەڵێت:” عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو روویان لە کەرکووک کردووە، بەتایبەتی گەڕەکە کوردنشینەکان، ئێستا ٨٠٪ـی دانیشتووانی بوونەتە عەرەب.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی:” تەعریب بەردەوامە، عەقلێکی شۆفێنی لە کەرکووک، بەغدا و شوێنەکانی دیکە ھەیە، ئێستا تەعریب بە چەند شێوازێک دەکرێت، واتە بەناوی جیاجیاوە پرۆسەی تەعریب بەردەوامە، ھەندێک جار بەناوی گرێبەستی کشتوکاڵی و ھەندێک جار بەناوی تر، ھەتا ھەندێک جار عەرەبی شۆڤێنی بەناوی کارکردنەوە دێنە کەرکووک، بێ دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق و جێبەجێ نەکردنی دەستوور ئەمانە ھەموو ھۆکارن کە لە ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەتی لە کەرکووک تەعریب بەردەوام بێت، دەبێت چاوەڕێی شتی خراپتریش بکەین، ئەوەش ھەموو بۆ جێبەجێ نەکردنی دەستوور دەگەڕێتەوە.
دیاری حوسێن، جەختی لەوەشکردەوە:” دەبێت بۆ قسەکانی سەرۆک بارزانی بگەڕێینەوە، کە ھەمیشە دەڵێ دەبێت تەوافق ھەبێت، پێکەوە کارکردن ھەبێت، ئەگەر ئەوە ھەبێت چارەسەری کێشەکان دەکرێت، بەڵام ئەگەر تەوافق نەبێت کێشەکان بەردەوام دەبن و بارودۆخی عێراق لەوەی ھەیە خراپتر دەبێت.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ئاشکراشی کرد:” ھێزە میلیشیاکان دەستەڵات بەرێوە دەبەن، ھیچ حیساب بۆ حکوومەتی عێراق ناکەن، ئێستا لە کەرکووک حەشدی شەعبی حوکم دەکات، پارێزگاری کەرکووکیش بەشێکە لەو تەعریبە و ئاسانکاری دەکات بۆ میلیشیاکان کە بە ھەزاران خێزانی عەرەب ھاتوونەتە گەڕەکە کوردنشینەکان، ئێستا زۆرترین ڕێژەی عەرەبی شۆڤێنی بەمەبەستی گۆڕینی شارەکە فۆرمی خۆراکیان بۆ کراوە و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی شۆڤێنییەکان واڵاتر بووە، تەنیا لە سەربازگەی خالید ٤ ھەزار خانوو دروست کراون بۆ عەرەبی ھاوردە، بە ھەزاران خێزان لە ماوەکانی ڕابردوودا فۆرمی خۆراکیان گوازراوەتەوە بۆ سەر کەرکووک، ھەر عەرەب دێن لە کەرکووک نیشتەجێ دەبن و فۆرمی خۆراکیان لەسەر کەرکووک بۆ دروست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد: “ھێزی پێشمەرگە کە لە کەرکووک بوو، داعش زۆر شوێنی داگیر کرد، بەس نەیتوانی نزیکی شارەکە ببێتەوە، ئەوەش ھەموو لەبەر ھەبوونی ھێزی پێشمەرگە بوو لەو ناوچانە، ئێستا کە ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورە نییە، میلیشیاکان لەو سنوورە ھەن، داعش رۆژبەرۆژ لە شارەکە نزیک دەبێتەوە، بەھێز دەبێتەوە، دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بکەین گورزی کوشندە لە خەڵکی بێدەستەڵات بدات، بەتایبەتی خەڵکی گوند و جووتیارەکان دەستەڵاتی ئەو ناوچانەش ئەوەی پێ خۆشە، چونکە ھەموو ھیوایەتیان ئەوەیە کورد لەو ناوچانە نەمێنێت، بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەویوزار و موڵکی جووتیارانی کورددا بگرن”.