پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

تایبەت بەوانەی بەردەوام هەست بە سەرما دەكەن

لەگەڵ گۆڕانكاری كەشوو هەوا، هەندێک کەس زیاتر هەست بە سەرما دەکەن، زۆرتر ھەستیارن بەساردی و وەرزی سەرما وەک لە کەسانی ئاسایی، د. هه‌ڤین که‌مال، پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازارشکاندن ، ڕوونیدەكاتەوە كە ئەو جۆرە كەسانە ھەستکردنیان بەساردی تەنیا لەوەرزە ساردەکاندا نییە، بەڵکو لەوانەیە لەڕۆژ و وەرزە گەرمەکانیشدا ھەر ھەست بەسەرما بکەن .

د. هه‌ڤین که‌مال، ئاماژە بەوەشدەدات كە پلەی گەرمی لەش بەچەند شێوازێکی جیاواز لە لەشدا ڕێکدەخرێت؛ بەشێک لەمێشک کەپێی دەگوترێت (hypothalamus) وەکو تێرمۆستاتێکی گەورە کاردەکات بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرما، کەلەڕێیەوە لەرەلەر دەنێرێت بۆ بەشەکانی لەش بۆ دروستکردنی گەرمی یاخود ڕێگا بۆ ساردبوونەوەی جەستە. ھەروەھا ئەم بەشەی مێشک کار لە غودەی دەرەقی دەکات بۆ ڕێکخستنی کرداری “میتابۆلیزم” و ڕاچڵەكین لە لەشداو دروستکردنی ووزە و سووتەمەنی لەڕێگای تێکشکاندن و ووردکردنی خۆراک .

“سووڕی خوێن یارمەتی بڵاوبوونەوەی گەرمی دەدات و چەوری ژێر پێست یارمەتی پارێزگاریکردن لە گەرمی دەکات ھەر کێشەیەک لەم سیستمانەدا هه‌بێت هه‌ست بەسەرما زیاتر ده‌كه‌ن”


ڕوونە كە سووڕی خوێن یارمەتی بڵاوبوونەوەی گەرمی دەدات و چەوری ژێر پێست یارمەتی پارێزگاریکردن لە گەرمی دەکات. کەواتە ھەر کێشەیەک لەم سیستمانەدا دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەست بەسەرما زیاتر بکەین .
بەگشتی ھۆکارەکانی ھەستکردن بەسەرما زیاتر لەکەسێکی ئاسایی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
د. هه‌ڤین که‌مال، ئاماژە بە چەند ھۆکارێك دەكات كە ئەمانەن :
1-کەم خوێنی: ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کە ڕێژەی خرۆکەی سووری خوێن کەمدەبێتەوە .
2-کەم خواردن و نەمانی ئارەزووی خواردن(anorexia) : ئەمە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی چەوری ژێر پێست بۆیە کەسەکە زووتر ھەست بەسەرما دەکات .
3-غودەی دەرەقی تەمبەڵ: کاتێک غودەی دەرەقی کەم ئیشدەکات و ڕێژەی ھۆرمۆنی تایرۆکسین کەمدەبێتەوە لەلەشدا و ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی کرداری ڕاچەنین و میتابۆلیزم لەلەشدا و دروست نەکردنی ووزەی پێویست بۆ گەرمبوونەوە .
4- نەخۆشی بۆری خوێن : کەئەمەش بەھۆی تەسکی بۆری خوێنەکان کە دەچن بۆ پەلەکان و دەبنە ھۆی ھەستکردن بەسەرماو ھەندێک جار شینبوونەوە لە پەلەکاندا .
5- ھەر کێشەیەک یان نەخۆشییەک لە ناوچەی مێشکدا کە وەکو تێرمۆمیتەرێکی گەورەی لەش ئیشدەکات دەبێتە ھۆی تێکچوونی پلەی گەرمی لەش .
6- فایبرۆمایەڵجیا : کەبریتییە لەحاڵەتێکی دەگمەنی ڕەقبوونی ماسولکەکان و ئازاری بەردەوام ، بینراوە ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان ھەیە زۆرتر ھەست بە سەرما دەکەن .
7- نەخۆشی شەکرە : بەھۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی شەکری خوێنەوە گورچیلەکان تووشی تێکشکاندن دەبن، کە پێی دەوترێت (diabetic nephropathy)، یەکێک لەنیشانەکانی ئەم حاڵەتە ئەوەیە کەسەکە ھەست بە سەرما دەکات .
8- هەندێک برینداری لە پێستدا یاخود پێکان وەکو شکاوی یان برینێکی کۆن، شوێنەکەی هەستیار تر دەبێت بە سەرما .

ئەوانەی هەست بە سەرمادەكەن پێویستە سەردانی پزیشك بكەن؟
د. هه‌ڤین که‌مال هەندێك لەخەڵک زیاتر ھەستیارن بەرامبەر سەرماو زۆرتر ھەست بەسەرما دەکەن ، مەرج نییە ئەمە مانای نەخۆشی بێت . بەڵام ئەگەر ھەستیاری بەرامبەر سەرما لەپڕ زیادبکات، یان زۆر زۆر بێت لەوانەیە نیشانەی نەخۆشێیەک بێت بۆیە پێویستە ڕای پزیشک وەربگیرێت بۆ دڵنیابوونەوەی لە تەندروستیان.