پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت بۆ کتێبه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی

سیامەند سێلکی

له ‌ئاست ئه‌و هه‌موو زوڵم و ناحه‌قیه‌ مه‌زنانه‌ی که‌ هه‌ندێ لایه‌ن به‌رامبه‌ر پارتی کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن، پارتی هه‌میشه‌ له ‌سۆنگه‌ی خه‌مخۆری و په‌رۆشییه‌وه‌ بۆ ئاینده‌ی کورد، به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو زوڵم و ناحه‌قیانه‌دا بازی داوه‌ و، هه‌وڵی داوه‌ له ‌ڕێگای قوربانیدان به ‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی و به‌خشینی ئیمتیازات به‌خەڵکی دیکه‌، نێوماڵی کورد ڕێک بخاته‌وه‌. زۆر جار ئه‌م نه‌رمی نواندن و به‌خشینه‌ی پارتی به‌ڕاده‌یه‌ک بووه‌، بووەته‌ جێی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌کانی و، ئه‌و پرسیاره‌یان لا دروست بووه‌ که‌ بۆ حزبه‌که‌یان (پارتی)؛ بۆ ڕازیکردنی خەڵکی دیکه‌ ئه‌و هه‌موو ته‌نازوله‌ ده‌کات و ده‌ست له ‌مافه‌کانی هه‌ڵده‌گرێت؟!
تا پێش خوێندنه‌وه‌ی (کتێبی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد) به‌رگی پێنجه‌م له‌ نووسینی سه‌رۆک بارزانیدا به‌نده‌ش یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی که‌ له‌و باره‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی حزبه‌که‌م ناڕازی بووم و پێم وا بوو به‌رامبه‌ر هه‌ر زوڵم و ناحه‌قیه‌ک که‌ به‌رامبه‌ری ده‌کرێت، پێویسته‌ پارتیش کاردانه‌وه‌ی تووند بنوێنێت و چیتر ده‌ست له‌ مافه‌کانی هه‌ڵنه‌گرێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له ‌سۆنگه‌ی خه‌مخۆری و په‌رۆشیمانه‌وه‌ بووه‌ بۆ حزبه‌که‌مان و پێمان وا بوو به‌و ته‌نازول و نه‌رمی نواندنه‌ غه‌در له‌ خۆیی و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ده‌کات، دیسان هه‌ستیشمان به‌و ڕاستیه‌ نه‌کرد بوو که‌ حزبه‌که‌مان له‌ژێرڕۆشنایی سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی سه‌رۆک بارزانیدا قوربانی بۆ ئامانجێک ده‌دات که‌ زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی حزبی به‌رزتر و پیرۆزتره‌.
دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌رگی پێنجه‌می کتێبه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی، وه‌کو تاکێک بیرکردنه‌وه‌که‌م له‌و باره‌وه‌ ته‌واو گۆڕا و گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ ئه‌وه‌ی حزبه‌که‌مان به‌رامبه‌ر ڕکابه‌ر و دژبه‌ره‌کانی ده‌یکات ته‌نازول نییه‌، به‌ڵکو پیاده کردنی سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه‌یه‌ که‌ لێوانلێوه‌ له‌ حیکمه‌ت و دووربینی و هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیاریەتیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی. دیاره‌ ده‌ستگرتن به‌و سیاسه‌ته‌وه، جگه‌ له‌وه‌ی پابه‌ندبوونه‌ به‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه‌ی که‌ رێبازی بارزانیی نه‌مر له‌سه‌ری ئاڤا کراوه‌، ده‌رئه‌نجامی ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ به‌هایه‌ له ‌ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌ مێژووییه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد و، سه‌رۆک بارزانی له‌ کتێبه‌که‌یدا له‌ سه‌ریان وه‌ستاوه‌ و به‌ درێژی باسی ‌کردوون. هه‌ڵبه‌ت تا ئه‌و کتێبه‌ نه‌خوێنینه‌وه ‌و به ‌وردی نه‌چینه‌ناوڕووداوه‌کانی نێو کتێبه‌که‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی زانستی و لۆژیکیانه‌یان بۆ نه‌که‌ین، ئه‌سته‌مه‌ بتوانین هه‌ست به‌و راستیه‌ی سه‌ره‌وه‌ بکه‌ین. به‌هه‌مان شێوه‌ ناتوانین به‌هاو قیمه‌تی یه‌کبوون و کۆده‌نگی کورد بزانین، ناتوانین هه‌ست به‌و هێز و ئیراده‌ مه‌زنه‌ش بکه‌ین که‌ هه‌میشه‌ له ‌یه‌کگرتن و کۆده‌نگی کورددا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ و، بووەته‌ فاکته‌رێکی به‌هێز و کاریگه‌ر بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه بردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان. بێگومان ئه‌و ڕووداوانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆک له ‌کتێبه‌که‌دا به‌ئه‌مانه‌ت و ڕاستگۆیی و به‌ڵگه‌ و دیکۆمێنته‌وه‌ ده‌خاته‌ پێش چاوی نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتووی کورد و باسیان ده‌کات. گه‌نجینه‌یه‌کی مه‌زن و پڕ به‌هایه‌ و ده‌توانین بۆ ئێستا و داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌م ئه‌زموون و وانه‌یان لێ وه‌رگرین و دوا ڕۆژی خومان وه‌کو کورد له‌سه‌ری بنیات بنێین. سه‌رۆک به‌و دونیابینیه‌ له‌ کتێبه‌که‌یدا پێمان دەڵێ و به‌ به‌ڵگه‌ بۆمان ڕوونی ده‌کاته‌وه‌ و دەیسه‌لمێنێ که‌ هه‌ر کاتێک کورد یه‌کگرتوو بووبێت، دۆست و دوژمن حسابێکی تایبه‌تیان بۆ کردووه‌. دۆست به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ مامەڵه ‌و سه‌رده‌ریان له‌گه‌ڵ کێشه‌که‌یدا کردووه‌ و پشتیوانییان بۆ ده‌ربڕیوه‌ و، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیش ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان پراکتیزه‌ کردووه‌. دۆژمن و ناحه‌زیش ناچار بوون له‌به‌رده‌م ئه‌و سه‌نگ و قورساییه‌ی که‌ کورد له‌یه‌کگرتندا به‌ده‌ستی هێناوه‌ حسابی بۆ بکه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌رکاتێک کورد له‌ناو خۆی خویدا یه‌کگرتوو نه‌بووبێت دۆسته‌کانمان لێمان دوور که‌توونه‌ته‌وه ‌و پێیان وا بووه‌ کورد شایانی ئه‌وه‌ نیه‌ خۆیانی پێوه‌ ماندوو بکه‌ن. دوژمن و ناحه‌زیش به ‌لوتبه‌رزی و بێمنه‌تی سه‌ره‌ده‌ریان له‌گه‌لدا کردووه‌. دیاره‌ به ‌حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌کو ڕابه‌رێکی خه‌مخۆر و په‌رۆش بۆ ئایینده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی که‌ له‌ناو ڕووداوه‌کاندا بووه‌ زۆر به‌باشی هه‌ستی به‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی کردووه. بۆیه‌ هه‌موو کورد پشتڕاست و دڵنیایه‌ له‌وه‌ی بۆ ڕێگری له‌ کوشتنی کورد به‌ده‌ستی کورد و یه‌کخستنه‌وه‌ی نێوماڵی کورد و پاراستن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ده‌سکه‌وته‌کانی و مسۆگه‌رکردنی ئایینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان، له‌ داهاتووشدا زوڵم و ناحه‌قییه‌کان چه‌ند گه‌وره‌ و ئازاربه‌خشیش بن، پارتی و سه‌رۆک بارزانی قودره‌ت و توانای دانبه‌خۆداگرتنیان هه‌یه‌ و، له‌ هیچ قوربانیدانێکیش سڵ ناکه‌نه‌وه‌ و ئاماده‌ن بۆ هه‌موو قوربانیدان و فیداکارییه‌ک.