مردنی کچە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران جیهانی هەژاند

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەو کچە کوردە سەقزییەی لە تاران دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن پۆلیس بە بێهۆشی گەیەنرایە نەخۆشخانە، دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و شێوازی دەستبەسەرکران و پاشان مردنەکەی نیگەرانی وهەڵوێستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و جییهانی هەژاند.

سێشەمی هەفتەی رابردوو ١٣ی ئەیلوول، ژیلا ”مەهسا” ئەمینی لە کاتی سەردانکردنی خزمانی لە تاران، لەگەڵ براکەی لە نزیک میترۆی تاران بووە کە لە لایەن پۆلیسێکی ئافرەت دەستبەسەر دەکرێت و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس بۆ بنکەی پۆلیسی ئادابی شارەکە دەگوازرێتەوە. هەر ئەو کات دوای چەند سەعاتێک لە دەستبەسەرکرانی هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کە کچەکە لە نەخۆشخانە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجە، مێشکی لەکار کەوتووە و هیچ ئومێدێک بۆ زیندوومانەوەی لەئارادا نییە.
رووداوەکە بووە بابەتی گرینگی میدیاکانی جیهان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی جیاوازی لەسەر کرا، ئەوەی زیاتر بووە جێی متمانەی خەڵک لێدوانەکانی براکەی و ئەو کەسە بوو کە لەگەڵ ژینا دەستگیر کرابوو و بەشێک لە زانیارییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا کردبوو.
ئه‌وكات براكه‌ی هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی خوشكه‌كه‌ی له‌ پۆلیس ده‌پرسێت و ئه‌وانیش له‌ وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێن، بۆ چه‌ند سه‌عاتێك ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كه‌ن و هه‌ندێك رێنوێنی ده‌كه‌ن، چونكه‌ پێشێلی رێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كردووه‌. ئه‌وان كچه‌كه‌ ده‌به‌نه‌ بنكه‌ی پۆلیس له‌ شه‌قامی وه‌زیران بۆ سه‌عاتێك ده‌یهێڵنه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ چه‌ند كه‌سێكی تریش گیرابوون و به‌ ئۆتۆمبێل بۆ بنكه‌ی پۆلیس گواسترابوونەوە،یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ گیرابوو‌ ئاشکرای کرد، تا گه‌یشتوونه‌ته‌ بنكه‌ی پۆلیس لێیان دراوه‌ و زۆر به‌ توندی ئه‌شكه‌نجه‌ دراون.
كیاره‌ش ئه‌مینی برای ژینا بەم شێوەیە رووداوەکەی باس کردبوو ”كاتێك گه‌یشتمه‌ پێش بنكه‌ی پۆلیس، خه‌ڵكێك له‌ به‌رده‌م بنكه‌كه‌ وه‌ستابوون و له‌و كاته‌دا چه‌ند كه‌سێك ئازاد كران و له‌ پڕ ده‌نگی قیژه‌ و هه‌را بیسترا، هه‌موومان له‌ ده‌رگامان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگای بنكه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گازی فرمێسكڕێژ پێشیان گرتین و دوای پێنج خوله‌ك، ئه‌مبۆڵانسێك له‌ بنكه‌كه‌وه‌ به‌ خێرایی رۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌.” کاتێک براکەی دەگاتە نەخۆشخانە پزیشکەکان پێی دەڵێن خوشکەکەی مێشکی لەکار کەوتووە و تەنیا دڵی لێ دەدات و هیچ ئومێدێک بۆ زیندوومانەوەی نییە.
بەگوێرەی میدیاکانی وەک بی بی سی و رادیۆ فەردا و زنیارییەکانی چەند رێکخراوێکی مافی مرۆڤ، ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ هۆكاری گرتنی ئه‌و كچه‌ و پاشان لێدانی، ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌ رێساكانی باڵاپۆشی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌. کەم نییە ئەو کەسانەی لە ئێران رۆژانە لەسەر هەمان هۆکار دەستگیر دەکرێن.
ئێوارەی رۆژی هەینی کە هەواڵی مردنی ژینا لە میدیاکان بڵاو کرایەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران لەو بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، بەڵام دواتر تەلەڤزیۆنی فەرمی حکوومەت گرتەیەکیڤیدیۆیی لە هۆڵی بنکەی پۆلیسی ئاداب و کاتی بێهۆشبوونی ژینا بڵاو کردەوە.
سەرچاوەکە و پاشان پۆلیسیش هۆکاری مردنی کچەکەی بۆ جەڵتەی دڵ گەڕاندبووەوە و دەنگۆ و زانیارییەکانی تریان رەت کردبووە.
بە گوێرەی گرتەڤیدیۆکەی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، کچەکە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری کچی تر لە هۆڵێک پێشان دەدات کە بەهۆکاری جیاواز گیراون. کچەکە لە شوێنی خۆی هەڵدەستێت و بۆ لای ژنێکی پۆلیس دەچێت و بەیەکەوە قسە دەکەن وا دیارە ژنە پۆلیسەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات و پێی دەڵێت مانتۆکەت کورتە و ئەویش دەست بۆ مانتۆکەی دەبات و وا دیارە پێی دەڵێ هیچ کێشەیەک لە جلوبەرگەکانیدا نییە و لەو کاتەدا دەکەوێتە خوارەوە و پاشان خەڵک لێی کۆ دەبنەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەڤیدیۆییە لە لایەن هەندێک تەکنیککار گومانی خرایە سەر و گوتیانڤیدیۆکە لێکدراوە و پۆلیس بۆ بەلارێدابردن بڵاوی کردووەتەوە، پێشتر براكه‌شی گوتبووی خوشكه‌كه‌ی له‌ رێ به‌ر له‌وه‌ی به‌ بنكه‌ی پۆلیس بگات، ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ و ده‌بێت كاریگه‌رییه‌كانی لێدانه‌كه‌ دوای گه‌یشتن به‌ هۆڵی پۆلیسی ئاداب له‌سه‌ری ده‌ركه‌وتبێت.
رۆژی شەممە ١٧ی ئەیلوول تەرمی ژینا ئەمینی دەگەڕێنرێتەوە سەقز و بە بەشداری هەزاران کەس لە دانیشتووانی شارەکە بە خاک دەسپێردرێت. خەڵک لە رێورسمی بەخاکسپاردنی ژینا دروشمیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران دا و دوای تەواوبوونی رێورەسمەکە لە شەقامەکانی سەقزیش گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتییان رووی دا.
ئەم رووداوە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی هەڵوێست و کاردانەوەی جیاوازی بەدواوە بووە و ژماریەکی زۆر لە کەسایەتی مەزهەبی و پەرلەمانتار وئەستێرەکانی تۆپی پێ و تەنانەت لە مەرجەعەکانی شیعەی ئێرانیش نیگەرانی خۆیان بۆ مەرگی ژینا دەربڕی و داوایان لە پۆلیسی ئێرانکرد کۆتایی بەو جۆرە رەفتارانەی بهێنێت.

ھەواڵی زیاتر