ئیمپراتۆری داهاتووی جیهان کێ دەبێت؟

پ.د. نەزاکەت حسێن

ئیمپراتۆرەکان لەمێژودا بەهۆی سەرچاوە و ئامرازە جۆراوجۆرەکانی هێز، سەرکردایەتی ئەوناوچەیەیان کردووە کەلەژێر دەستیان بووە وپەلیان بۆ داگیرکاری و ژیردەستەکردنی ناوچەی تریش هاویشتووە ، ئیتر هێزەکە مادی و سەرمایە یان هێزی سوپایی یان ئایینی، یان خاوەنی زەوی و زار و سنورێکی جوگرافی گەورە کە لەژێر رکێفیان بووە. سەردەمانێک ئەمانە سەرچاوەی هێزبوون ئەو ئیمپراتۆریەتەیان هێشتوەتەوە، هەر ئەم ئامراز و سەرچاوەی هێزانەشیان بەکاردەهێنا بۆ داگیرکاری وکۆنترۆڵی خەڵک و داگیرکردنی وڵات و ناوچەکان کەزۆربەیان بەرێگەی کاولکاری و کوشتن و بڕین و جینۆساید وقڕکردن بووە تاجەنگی جیهانی دووەم .
دوای جەنگی جیهانی دووەم ئیترسەرەتایەک بوو بۆ هاتنە ئارای ئامرازێکی تری هێز و جۆرێکی تری ئیمپرالیزم کەئەویش ئیمپریالیزمی کەلتوری بوو. ئەوەبوو ئەمریکا دوای جەنگەکە خاوەنی پردێکی زۆری بەستنەوەی جیهانی بوو لەگەڵ بەرهەمێکی زۆری پیشەسازی و تەکنەلۆجی کەهەمووی پێویستی بەساغ کردنەوە و دۆزینەوەی بازاڕ بوو، بە براوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی وت ئیتر لەمەودوا داگیرکاری بەرێگەی کاولکاری و کوشتن و بڕین لاوازدەبێت، بەڵام دەبێت رێگەی تر بگرینە بەر بۆ خستنە ژێردەستی جیهان بۆ خۆمان، ئەویش داگیرکاری کەلتوری کەناوی نا’جەنگی مێشک’ کە ستراتیژی ئەوەبوو لەرێگەی بڵاوکردنەوەی کەلتوری ئەو وڵاتانەی خاوەن کاڵا و بەرهەمی پیشەسازین بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و دابەشکردنی تەکنەلۆجیا بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر جیهاندا کەلتوری وڵاتان داگیربکەن. کە کەلتوری گەلێکیشت داگیرکرد و کەلتوری خۆیت سڕیەوە کەلتورێکی ترت بەبەردا کرد ئیتر کاڵاکانی تۆدەکڕێت و دەبێتە بەکاربەری ئایدیاکانت ئینجا شتومەکەکانت . راگەیاندن و بەرهەمە راگەیاندنەکانیان وەک ئامرازێکی کاریگەری ئەوداگیرکاریە کەلتوریە هەڵبژارد کە رێچکەکەی بەم شێوە بوو، پشتبەستنی میدیا بەبەرهەم هێنانی بەرهەمە میدیایەکانی وەک دراما و فیلمەکان و ناردنی بۆ وڵاتان و نیشاندانی کەلتوری جیاواز پێیان، پشتبەست و داگیرکاری کەلتوری دروست دەبێت، داگیرکاری کەلتوریش ساغ کردنەوەی بیر و کاڵاکانی لێدەکەوێتەوە، کەواتە پشتبەستنی ئابوری دروست دەبێت، پشتبەستنی ئابوریش بەهەر وڵاتێک ژێردەستەیی ئەوڵاتەی لێ دەکەوێتەوە. ئەمانە رەنگە تا ئەمڕۆ سەدەی ٢٠ تاکە رێچکەی داگیرکاری نەرم و ناکاولکاری بووبێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بۆ سەدەی ٢١ ئیمپراتۆریەتێکی نوێ سەرکردایەتی جیهان بکات، ئەویش ئیمپراتۆریەتی داتا وزانیاریە، هەروەک داگیرکاریە نەرمەکە ئامرازی زانیاری و داتایە ، بەڵام داگیرکاری کەلتوری و نەرم لەرێگەی ناردنی زانیاریەکان ,Flow information بوو هەروڵاتێک توانای هەناردەی زانیاری و مەعلوماتی هەبووە دەبوە داگیرکار و ئەوڵاتەش توانای هەناردەی نەبوو دەکەوتە ژێر لێشاوی هاتنی زانیاریەکان و دەبوونە ژێر دەستە. بە بەرهەم هێنانی زیرەکی دەستکرد و ئامێرە زیرەکەکانی کۆمینیکەیشن و زانیاری جگەلەوەی ناردنی زانیاریەکانی خێراترکرد و بەردەوامی پێدا، رێگەیەکی تر دەستی پێکرد ئەویش کۆکردنەوەی زانیاریەکان Collecting information .واتە لەهەمان کاتدا ئامێر زانیاری هێنەر و کۆکردنەوەی زانیاری و زانیاری بەرن.
سێرهی پلۆخی پرۆفیسۆر لەزانکۆی هارڤارد، دەڵیت” خەڵک وایدەزانی ئەوانە خەڵەفاون کە میلۆن دۆلاریان خەرج دەکرد بۆ دامەزراندنی ئینیستیگرام و واتساب و دەیانوت خۆ ئەمانە پارە بەرهەم ناهێنن، ئیتر بۆ پارەی تیا خەرج دەکەن، نەیان دەزانی ئەمانە داتا و زانیاری بەرهەم دێنن بەرێگەی کۆکردنەوەی لەبەکارهێنەرەکانیان “واتە لەم ئامێر و ئەپلیکەیشنانە پارە خەرج دەکرێت وەک چۆن لەرابردوودا بۆ بەرهەم هێنانی پیشەسازی بۆ وەبەرهینانی کاڵا و هەناردەکردنی ، دواتریش بەرهەم هێنانی میدیایی بۆ هەناردەی زانیاری، ئێستا پارە خەرجدەکرێت بۆ وەبەرهێنانی داتا. داتا و زانیاریەکان کۆدەکرێتەوە لەمرۆڤەکان لەزانیاریە کەسیەکان تا بایۆلۆجیەکان ئیتر لەوێوە مانیپۆڵ و کۆنترۆڵی دەکرێت. ئەمەش گرفتەکەی لەوەدایە، چۆن لەرابردوودا هەموو وڵاتان نەیانتوانی ببنە خاوەنی بەرهەمی پیشەسازی یان بەرهەم هێنانی زانیاری و مەعریفە و هەناردەکردن جیاوازی هێز دروست بوو، لەئێستاشدا هەمویان ناتوانن ببنە خاوەنی ئامێری کۆکردنەوەی داتا و زانیاری. ئەمەش جیاوازی بوونی هێز دروست دەکات سەرلەنوی ئیمپریالزیم دروست دەبێت لەژێر ناوی ‘ئیمپریالیزمی داتا وزانیاری’ئەوەی زانیاری و داتای زۆری مرۆڤەکانی جیهانی لابوو ئەوە دەبێتە خاوەن هێز هەروەک یوڤاڵ هەراری فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت “لەسەدەی ٢١ و ئایندە کێ خاوەنی زۆرترین داتا و زانیاریەکان بوو لەسەر مرۆڤەکان ئەوانە دەبنە ئیمپراتۆری جیهان، بیگومانیش ئەوانە کە خاوەنی زیرەکی دەستکرد و سایتەکانی وەک ئەمازۆن و گۆگڵ و ئامێرەکانی زیرەکی دەستکردن، چونکە لەوێوە زانیاری لەسەر کۆی مرۆڤەکان وەردەگرن و کەسی و بایۆلۆجی، ئیتر بەرنامەی بەپێی خواستی بیرکردنەوەی پێداویستی بۆدادەرێژن، دەبنە خاوەنی هەمبارە گەورەیەکی زانیاری و داتای مرۆڤەکان کۆنترۆڵی مێشک و تەنانەت ناخ و هەست و بیرکردنەوەکانیشی دەکەن.”هەریەکەمان ئێستا لانی کەم ئامێرێک و چەند ئەپلیکەیشن و وێب سایت رۆژانە بەکاردینین، کە چاودێری ئەوەمان دەکات چی دەکەین؟بۆ کوی دەرۆین؟ لەگەڵ کێ کۆدەبینەوە؟ خواستەکانمان چیە؟ چی دەخوێنیتەوە؟ سێرچ وگەران بۆ چی دەکەین؟ ئەمانە شیکار و پێوانەیان بۆ دەکرێت بۆ لێتێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان، ئیتر دەزانن چیت بۆبەرهەم دێنن، تەنانەت ئاراستەت دەکەن دەنگ بەکێ بدەیت و کێ هەڵدەبژێریت. ئەمانە کۆنترۆڵی ئایندەی مرۆڤەکان دەکەن، ئیمپریالیزم و ئیمبراتۆریەتی داتا و کۆلۆنالیزمی داتا ئەمانە دەبن، کە زۆرترین زانیاری و داتایان لادەبێت. یوڤاڵ هەراری فەیلەسوفی سەردەم دەڵێت”سەردەم تائێستاش نازانرێت ئەم داتا و زانیاریان کۆدەکرێنەوە بۆ کوێ دەڕۆن کالیفۆرنیا یان بۆ بەیجین و شەنگەهای، بەڵام لەهەرشوێن وڵات زۆرترین ئەم زانیاری و داتایانە کۆبوویەوە ئەو ئیمپراتۆری داهاتوی جیهان دەبێت، گەرچی تائێستاش زۆرینەی سیاسیەکان ئاگاداری ئەمە نین و روئیایان بەرامبەر ئەمە نیە و گەشەی تەکنەلۆجیا بەم مەترسیە نازانن” .

ھەواڵی زیاتر