وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی یەکەی 70 و 80، فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، فەرماندەیی زێڕەڤانیی و پۆلیسی نەوت و گاز گەڕایەوە.
میران بەکر، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: “خشتەیەکی نوێی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەردرا و بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نێردرایەوە”.
گوتیشی: “ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی لە خشتەکەدا ناویان هاتووەتەوە، 3 هەزار و 393 ئەفسەرن”.
هاوکات شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی گەڕانەوەی خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە نەورۆز و ئەیلوولی ساڵی 2018-2019 تایبەت بە هەردوو یەکەی 70 و 80 و فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن و فەرماندەیی زێڕەڤانیی و پۆلیسی نەوت و گاز، پیرۆزبایی لەئەفسەرانی قارەمان دەکات و راشیدەگەێنێت: “هەنگاوەکانمان بەرەو بەدامەزراوەیکردنی سەربازیانە جێگەی خۆی گرتووەو بۆ لەمەودواش خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران رێچکەی ئاسایی خۆی وەردەگرێت و دواناکەوێت”.