ھە‌ڵپاچینی ئە‌دە‌بی

حەیدەر عەبدوڵڵا

هەمیشە هەر وابووە، كەمینە داهێنان دەكەن و زۆرینە لاساییی دەكەنەوە، یان بە گوزارشێكی دیكە، كەڵكی لێ وەردەگرن. ئەگەر لە بواری زانستدا دیاریكردنی كەسانی داهێنەر سێنا بێت، لە كایەی ئەدەبیدا سەختە، چونكە زانست زیاتر پشت بە تاقیكردنەوە دەبەستێت و سنووردارە، بەڵام ئەدەب زۆرتر مامەڵە لەگەڵ خەیاڵدا دەكات و بە پەرژینی ماددی لە قاف نادرێت. ڕوونە، هەروەك چۆن مرۆڤەكان لە یەک دەچن، هەرواش بەرهەمەكانیان شێوەی یەك وەردەگرن، بیرۆكەكانیان یەكتر تەواو دەكەن. ئەم هاوكێشەیە لە گەردوونیشدا ڕاستە.
بڕوانە! سەتان دەشت و دۆڵ و چیاوچۆڵ هاوشێوەی یەكترن. دەكرێ دوو شاعیر هەرگیز شیعری یەكتریان نەبینیبێت، بەڵام شیعرەكانیان لە یەک بچێت، یان وێنەی ناو قەسیدەكانیان شێوەی یەك بكەن. بە دیدی من، لەو حەلەدا هی هەردووكیان بە داهێنان دادەنرێت. لەو لایشەوە، دەشێ شاعیرێك سوودی لە شاعیرێكی پێش خۆی وەرگرتبێت و بە شێوەیەكی دیكە شكڵ و مانای بەرهەمەكەی داڕشتبێتەوە، ئەمە هەر هەبووە و قەتیش كۆتایی نایەت؛ ئەم حاڵەتە لە بواری ئەدەبدا بە دەقئاوێزان “التناص” ناو براوە.
جیاوازیی نێوان دەقئاوێزان و، ئەدەبی دزیارییش موویەكی زۆر باریكە، زۆرجار بە ئەنقەست دەپسێندرێت. ناكرێ تۆ لەسەر بەرهەمی كەسێكی دیكە خۆت پێ بگەیەنی، كەچی هیچ ئاماژەیەک بە ناوەكەی، یان بەرهەمەكەی نەكەیت.
نەریتێكی زۆر خراپی دیکەیش لەنێو بەشێك لە ئەدەبنووساندا پەیدا بووە، لە جیاتی دەقئاوێزان و تێكهەڵكێشی ئەدەبی، دەچن شیعرێک، یاخود بابەتێكی ئەدەبی لە زمانێكی بیانی وەردەگێڕنەوە، دوایی هەڵیدەپاچن و بە ناوی خۆیانەوە بڵاوی دەكەنەوە، مەولەوی شاعیر دەڵێت: بیگری و بیدزی و كلكی هەڵپاچی لە دەست خاوەنماڵ هەرگیز دەرناچی ڕاستییەكەی ئەمە دزییەكی زۆر ڕوون و ئاشكرایە. جارێك لە گفتوگۆیەكی
ئەدەبی لەگەڵ چەند برادەرێكی عەرەبدا گوتم: “إن أكثر السرقە الادبیە تحت عباءە التناص والترجمە؛ لا فرق لمن یسرق المعنی أو اڵفظ. هناك من یسرق الفكرە ویعكسها فی أعماله الأدبیە.”
ئەگەر ڕاستت دەوێ، بۆ وەرگرتنی تاكە وشەیەكی نێو فەرهەنگەكانیش، دەبێ ئاماژە بە ناوی فەرهەنگنووسەكان بكرێت، ئاخر ڕەنگە چەندان ڕۆژی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم وشەیە تەرخان كردبێت، تۆیش دێیت بەبێ ئەرک و
ماندووبوون بە ناوی خۆتەوە بڵاوی دەكەیتەوە! من نازانم بۆچی بابای ڕۆماننووس ڕێگەپێدراوە دەیان سەرچاوەی مێژوویی
لە ڕۆمانەكەیدا بەكار بهێنێت، كەچی لە كۆتاییشدا ناوی هیچیشان نەبات؟ ڕۆماننووس هەیە دەقی كتێبێكی مێژوویی هەڵگێڕاوەتەوە، یان با بڵێین خەیاڵاندوویەتی، بەڵام بە پاساوی دەقئاوێزان و لە دایكبوونی دەقێكی نوێ، بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە سەرچاوەكە ناكات. باشە ئەگەر دەقئاوێزان زاوزێی نێوان دوو دەق بێت، دەقی سێیەم لەدایك بێت، ئایا دەكرێ ئاماژە بە دایك و باوكی نەكرێت؟ نووسین لەژێر كاریگەریی كەسێکدا، جیاوازە لەوەی تەواوی نووسینەكەی داپاچیت و بیكەیت بە هی خۆت؛ من وا هەست دەكەم ئێمە ئێستە لە سەردەمی “هەڵپاچینی ئەدەبی”داین.
لەم ڕۆژانەدا شیعرێكی ئەبووعەلای مەعەڕیم خوێندەوە، كە لەسەر كێلی گۆڕەكەی نووسراوە: “هذا ما جناه على أبی، وما جنیت علی أحد” ئەمە تاوانی باوكمە دەرهەق بە من، بۆیە من تاوانی وام نەكرد. یانی تاوانی باوكم ئەوە بوو
منی بوو، وا ئێستا لە گۆڕدام، من هیچ تاوانێكی وام نەكرد و منداڵم نەبوو. لێرەدا گۆرانی شاعیرم بیر كەوتەوە، كە شیعرێكی پڕ جۆشوخرۆش بۆ مەرگی
كوڕەكەی دادەنێت و لە كۆتاییدا دەڵێت: هەقت بوو بێوچان بگریت بەسەر تاوانی باوكیما بەحر پڕ بكەی لە تف و بیدەی بە ناوچاوانی باوكیما ڕەنگە گۆران ئەمەی لەژێر كاریگەریی شیعرەکەی مەعەڕیدا نووسیبێت، بەڵام بە ڕاستی جوانی هێناوە. دەقئاوێزان، یان بەركاریگەریکەوتن، دەبێت وابێت، نەك بەبێ هیچ پەنجەمۆر و ڕەنجێك دەرخواردی خوێنەران بدرێت.
من لەم بابەتەدا باسی دەستەبژێر و نووسەرانی جیهانی ئەدەب دەكەم، دەنا خەڵكی عەوام گوێیان لەم بابەتانە نییە، تەنانەت هونەری هەڵپاچینیش نازانن، هەر هێندە نەبێت، ناوی نووسەری لێ لا دەبەن و ناوی خۆیانی بە باڵادا دەبڕن.

ھەواڵی زیاتر