ئاریان دەرگەڵەیی
بە بۆنەی ڕۆژی سینەمای كوردییەوە لە ساڵڕۆژی كۆچی دواییی “یەڵماز گونای”، سینەماكاری بەناوبانگی كورددا، لە شاری سلێمانی بە بەشداریی ژمارەیەك لە سینەماكارانی كورد، پێشانگەیەك تایبەت بە كۆبەرهەمەكانی یەڵماز گونای كرایەوە.
لەگەڵ ٣٨ـەمین ساڵڕۆژی كۆچی دواییی “یەڵماز گونای”، نووسەر و سینەماكاری بەناوبانگی كورد، كۆمپانیای “هاوار فیلم” بە سەرپەرەشتیی “هاوار مستەفا خان” كە بەرپرسی كۆمپانیایەیە، لە “ئەمنەسوورەكە”ی شاری سلێمانی بە بەشداری كۆمەڵێك لە سینەماكاران، هونەرمەندان، ئەدیبان، كەسایەتییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان، پێشانگەیەكی تایبەت بە كۆبەرهەمەكانی یەڵماز گونای كرایەوە.
لە بڕگەی یەكەمدا كە بۆ كردنەوەی پێشانگەكەدا تەرخان كرابوو، بە “شوان عەتۆف” دەرهێنەر و ئەكتەری سینەمای كوردی، چەند وتەیەكی لەسەر ڕۆژی سینەمای كوردی و “یەڵماز گونای” پێشكەش بە بەشداربووان كرد، ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی “یەڵماز گونای” لە سینەمای كوردی و سینەما لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كرد و وتی: “من حەز ناكەم یەڵماز گونای تەنیا بە باوكی سینەمای كوردی ئەژمار بكەم، بەڵكو حەز دەكەم بە جوانترین سینەماكاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئەژمار بكەم.