ھە‌ڵبژاردن

زكری موسا

سەرۆك بارزانی لە لاپەڕەی ٥١٦ و ٥١۷ی بەرگی پێنجەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد – ڕاپەڕین دەرفەرت و ئاستەنگەكان، سەرچاوەی شەرعییەت بۆ دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین یان بە دەربڕینێكی دیكە شەرعیەتی ئەو قەوارەیەی كە ئێستا ناوی هەرێمی كوردستانە بۆ چوار ڕایەڵەی بنەڕەتی دەگەڕێنێتەوە:
١. خەباتی دەیانساڵەی پێشمەرگە و قوربانیدانی بێهەژماری
خەڵكی كوردستان
٢. ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لەدژی ڕژێم و ڕەتكردنەوەی
ستەم و داگیركاری
٣. بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بڕیاری ئەنجوومەنی
ئاساییش بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان
٤. هەڵبژاردنەكانی ١۹۹٢ كە ڕەوایەتیی هەرێمی كوردستان و
ڕاپەڕینەكەی كامڵ كرد.
دواتر سەرۆك بارزانی هێما بەوە دەدات ئەو چوار هۆكارە
شەرعییەتێكی وا پتەوی بەخشیە كوردستان كە لە شەرعییەتی زۆرێك لەو دەوڵەتانە زیاترە كە لەسەر بنەمای مامەڵە و سەودای زلهێزەكانەوە پێكەوە نراون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق و نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، هەرێمی كوردستان ڕەهەندێكی تری شەرعییەتی دەستووریشی وەرگرت.
هەرچەندە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە قەیرانێكی كوشندەدا دەژیێت و دەستووری عێراقیش لە ساڵانی ڕابردوو پێشێل كراون بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبووە كە شەرعیەتی هەرێمی كوردستان
درزی تێكەوتبێت و لەژێر پرسیار بێت. هۆكاری ئەو پتەویەی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە. هەڵبژاردن كۆڵەگەی سەرەكیی شەرعییەت و پتەویی و پاراستن و مانەوەی هەرێمی كوردستانە. بۆیەشە هەر جۆرە یاریكردنێكی سیاسی بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی و بیانووهێنانەوە و دواخستنی یارییەكی مەترسیدارە و ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە لەسەر مانەوەی هەرێم. ئەوە جگە لەوەی دامەزراوەكان دوچاری كێشەی شەرعیەت دەكات، پەیوەندی و متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دەستەڵاتیش كاڵتر دەبێتەوە و هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش ئەو پشتیوانیە نێودەوڵەتییەی دۆستانی گەلی كوردستان لە ماوەی ڕابردوو پێشكەشی گەلی كوردستانیان كردووە ڕەنگە نەمێنێت.
لە وەها حاڵەتێكدا دەرگە بە ڕووی ڕووداوی نەخوازراو و
دەسوەردانی هەرێمی و تەنگپێهەڵچنینی زیاتر بە هەرێم دەكرێتەوە. بۆیە پێویستە بە تەواوەتی بڕوا بەوە بهێنین كە هەڵبژاردن و بەردەوامیی پڕۆسەی دیموكراسی لە سەرووی هەموو ئەولەوییەتەكانی
ترە وەك هەناسە گرنگە بۆ وڵاتەكەمان.

ھەواڵی زیاتر