پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

 وەزیری کشتوکاڵ پیرۆزبایی لە ئەندازیارانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەکات

وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕێكه‌وتی 9/9 به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی، پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندازیارانی كشتوكاڵی كرد، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی به‌دواداچوونی سه‌رجه‌م داواكاری و كێشه‌كانیان ده‌كه‌ین.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو ڕایگه‌یاند: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەندازیارانی کشتوکاڵی 9/9، گەرمترین و ناوازەترین پیرۆزبایی خۆمان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی سەرجەم ئەندازیارانی کشتوکاڵی و هاوکارانی بەڕێزمان لە ئەنجوومەن و نوێنەرایەتییەکانی سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی دەکەین.

ڕاشیگه‌یاند: لەم ڕۆژە گرینگەدا جەخت دەکەینەوە لەسەر هەماهەنگی وەزارەتمان و پاڵپشتی ئەندازیارانی کشتوکاڵی، بە تایبەتی لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ پڕۆژەکانی سەرپەرشتیاری کشتوکاڵی و هاوتاکردنی دەرماڵەی ئەندازیارانی کشتوکاڵی لەگەڵ ئەندازیارانی کشتوکاڵی عێراق، هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کێشە و داواکارییەکانیان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و سەرچاوەی دارایی و دابینکردنی قەرزی بچووک بۆ ئەندازیاران، بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە بواری کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراکیدا .

له‌ كۆتاییدا هیوی خواست ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن و برەودانی زیاتر بەم ئەرکە پیرۆزە، لەپێناو خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگە بەتایبەتی.