پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزارەتی دارایی رەتیدەکاتەوە لە قەرزی باجی کۆمپانیاکان خۆش ببێت


وەزارەتی دارایی رەتیکردەوە لە قەرزی باجی کۆمپانیاکان خۆش بن و تەنها باجی یەک ساڵیان لێوەربگیرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە (6ی ئەیلوولی 2022) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە تێیدا باس لەوەکرابوو، لە کۆبوونەوەی رۆژی 31ی ئابی 2022ی نێوان وەزیری دارایی و ژووری بازرگانی سلێمانیدا بڕیاردراوە، حکومەت لە قەرزی باجی کۆمپانیاکان خۆش بێت و تەنها باجی یەک ساڵ بدەنە حکومەت.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە “سەرجەم کۆمپانیاکان بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەرکی کۆمپانیاکانە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن، جا کار بکات یاخود نا. لە کاتێکدا باج دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا کەوا چالاکی هەبێت و قازانجی کردبێت، بۆیە دووپاتیدەکەینەوە لەکاتی وەستانی کۆمپانیا پێویستە کۆمپانیا ئەرکی یاسایی خۆی ئەنجامبدات و راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەش بکات”.

لە چەند رۆژی رابردوودا، هەر یەکە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری سلێمانی چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ رێکخستنەوەی کاری بازرگانی و پرۆژەکان و باسیان لەوەکرد، کە هەموو هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ بەردەوامبوونی پرۆژەکان و زیاتر لە 50 پرۆژەی وەستاو بەگەڕدەخرێنەوە.