نەکەی خۆت کافر کەی و وا تێبگەی کە (هاروت و مارووت) جادووگەر بوون


عومەر چنگیانی
لەگەڵ ئەوەی کە دەیان جار بە نووسین و گوتاری دوانگەی مزگەوتەکان و لە ڕادیۆ و تیڤییەکانەوە بابەتی گوناه و تاوانی جادووگەری باس کراوە، کەچی لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکانی دوور لە ڕۆحی شەریعەتی ڕاستەقینەی یەکخواناسیدا، هەر لەبرەودایە، هەرئەوەیشە دەبینین هەرخودی باسکردن لێی بۆتە توێشووی دەیان بەرنامە و هەفتەی ڕابردوویش لەسەر خواستی زۆر مامۆستای ئایینیی بەڕێز، لە بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینی گەنگەشە کرا و ئێمەیش لە گوتاری ژمارە ١٦٦ی سەردوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرامان لە ٦ی سەفەری ١٤٤٤ بەرانبەر بە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ باسمان کرد و لێرەدا پوختەیەکی دەخەمەوە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز کە لەژێر ڕۆشنایی چەند ئایەتێکی قورئان و فەرموودەی دروستدا ڕوونی دەکەینەوە، کە سیحر یان چاوبەست ئەو کارکردنە سەر بەرانبەرەیە کە خۆیی لێ تێک دەچێ و زیاتر هەڵسوکەوت لەگەڵ خەیاڵ دەکات تا واقیع.
خوای گەورە لە ئایەتی ٩٩-١٠٢ی سورەتی (ئەلبەقەرە)دا زۆر بە وردی بابەتی سیحر ڕوون دەکاتەوە، کە زۆر بەداخەوە لە دێرزەمانەوە بە لاساییکردنەوەیەکی بێسنوور، دەیان و بگرە سەدان لێکدانەوەی جودایان بۆ کراوە کە لەو ئایەتانەدا سەرەتا ڕووی گوتاری دەکاتە پەیامگەیێنی خۆی محەمەد، دروود وسڵاوی خوای لەسەر بێت و دەفەرمێت:
(بەڕاستی ئێمە نیشانیەلێکی ڕوونمان بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە کە لەو کەسانە نەوی کە حەز بە خۆبادان دەکەن بە گوناهی گەورەوە ـ فاسقن ـ هەقوەشێری دەکەن و بڕوای پێ ناهینن). پاشان لە ئایەتی دواتردا پەردە لەسەر ڕووی مەردمی سەرکەش هەڵدەداتەوە ـ نەخاسمە یەهودەکانی ئەوکاتی مەدینە و خەیبەر ـ و دەفەرمێت: (ئەرێ ئەوانە بۆ وانە کە هەر جارێک ڕاستییەکیان پێ دەگات و بۆیان ڕوون دەبێتەوە، سۆز و بەڵێن دەدەن بە خوا کە ئیتر سەرپێچی نەکەن و، پاشگەز نەبنەوە، کەچی هەندێکیان لێ جیا دەبنەوە و سۆز و پەیمانەکەیان وەلاوە دەنێن؟ بەڕاستی زۆرینەیان بڕوا ناهێنن).
پاشان باس لە دەنگۆ و قسەیەکی باوی ناو خەڵک دەکات کە گوایە نهێنی سەرکەوتنەکانی سلێمانی پاشا و پێغەمبەر ـ سڵاوی خوای لێ بێت ـ جادووگەریەتیی زانیوە! کەچی لە شێوازێکی وردی قورئانیدا بەرچاوڕۆشنیمان دەداتێ و دەفەرمێت: (خراوکارانی یەهود و ئەوانەی ئەوانیان کردووەتە مامۆسا، شوێن قسە و باسێک کەوتوون کە شەیتانەکان بەدەم دەسەڵاتەکەی سلێمان و نهێنی سەرکەوتنەکانیەوە دەیانگوت و هەڵیان دەبەست ـ ببینن (ما تتلوا) واتە ئەوەی بە دەمیەوە دەیانگوت و دەیانوتەوە و دەیانجاوییەوە لە دووی یەک و پڕوپاگەندەیان پێ دەکرد، بە دەم دەسەڵاتەکەی سلێمانەوە ـ وەلێ سلێمان بەدوور بوو لەو درۆیانە و هەرگیز نهێنی دەسەڵاتەکەی ئەوە نەبوو کە شەیتانەکان دەیانگوت و دەیڵێن و ئەو بێبڕوا و جادووگەر و هەقوەشێر نەبوو، شەیتانەکان بوون کە کافر بوون و دەچوون خەڵکیان فێری جادوو دەکرد). تا ئێرە ڕوونە کە چەند سلێمان پەرێزپاک بووە و بەدوور لەوەی دەیاندایە پاڵی؛ پاشان پەردە لەسەر بابەت و باسێکی ئاڵۆزی تر هەڵدەداتەوە و دەمانباتە نێو جیهان و گێڕانەوەی داستانێکی خەیاڵاوی کە بنێشتەخۆشەی زاری جووەکانی ئەوکات و ئەوانەی کاریگەریی جوو بەسەر ڕۆشنبیری یان بە ناو زانستەکانیاندا بووە و باسی هەناردە کردنی دوو فریشتەی خوا لە ئاسمانێڕا بۆ ناوچەی بابل و ئەوەی لەبارەیانەوە کە گوتراوە بەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە سەروبەری ئەو داستانەی ئێوە دەیڵێن، ناڕاست و نادروستە و بە شێوە داڕشتنی (ما)ی (نافیە)یە نەک (مەوصولە) – وەک خەڵکێکی زۆر وایان لێک داوەتەوە – دەفەرمێت: (هەرگیز هیچ نیگایەک بۆ دوو فریشتەی بەنێوی هاروت و ماروت لە بابل نەهاتۆتە خوارەوە و هیچ کەسیشیان فێری سیحر نەکردووە و ناکەن! تا بێژنە خەڵکی ئێمە تاقیکردنەوەی خوایین بۆ خەڵکی! نەکەی کافر ببی و باەڕ بەوە بکەیت).
پاشان وردتر و ڕوونتر پەنجە دەخاتە سەر برینەکانی کە خەڵکی ئەوسا و ئێستایشی پێوە بێت لە دەستی ناڵاندوویانە و دەناڵێنن! ئەویش بەدحاڵێتی و ناتەبایی نێوان خانەوادە نەخاسمە جووتە هاوسەر یاخود ژن و مێردە و دەفەرمێت:
(نەکەی بڕوات وا بێت کە خەڵک لێیانەوە شتی وافێر بوون کە بەهۆیەوە بتوانن ئاژاوە و ئاشۆ لە نێو خێزانەکاندا بنێنەوە و و لێیانەوە فێری شتی واببن کە ژنومێرد لێک بترازێنن و دایانببڕێنن! هەرگیز لەناویاندا نییە کە بەو هۆکارەوە بتوانن زیان بە کەس بگەیێنن مەر خوا ویستی لەسەر بێت) ئەوجا بەوەوە کۆتایی بە ئایەتەکە دێنێت کە دەفەرمێ: (ئەوانە گوایە شتی وایان لێوە فێر بوون کە زیانیان پی دەگەیێنێت نەک قازانج) لە کۆتاییدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بڕوا بە جادووگەرێتی و جیهانی سیحر و خۆبەدەستەوەدان بەو جیهانە، کارێکی بەدە و دەفەرمێت: (بۆ خۆیشیان ئەو راستییەیان زانیوە کە گەربێتو کەسێک شوێن جادووگەر بکەوێ و ئەو بازاڕە مامەڵە و ئاڵووێڵی ژیانی بێت، لە ڕۆژی دواییدا هیچ ڕێز و بەهایەکی نییە، بەڕاستی ئەوە گۆڕینەوەی ڕاستی بە بەتاڵە و مامەڵەیەکی بێفایدەیان کردووە بۆ خۆیان گەر بیزانن.)

ھەواڵی زیاتر