چەکدارانی پەکەکە چیاکان بەرەو گوند وئاواییەکان بەجێدەھێڵن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مانگێک دەبێت شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی بەردەوامە، ئارامی و تەناھی دەیان گوند کەوتوونەتە مەترسییەوە، جگە لەوەی ئاگر بەربۆتە پوش و پاوان و دارستانی ھەر دوو چیای مەتین و گارە، لەبەر شەڕ و ئاژاوە کەس ناتوانێت کۆنتڕۆڵ بکات. قایمقامی قەزای ئامێدی، دەڵێ، لەبەر پەکەکە تەنھا لە سنووری ئامێدی ١٩٣ گوند چۆڵکراون.

زیاتر لە چوار مانگ دەبێت زنجیرە چیاکانی مەتین و گارە بۆردومان دەکرێن و زیاتر لە ٥ رۆژیش دەبێت ئاگرێکی گەورە بەربۆتە پاوان و دارستانی ناوچەکە، ئەوەش بەھۆی بۆردومانی تورکیا بووە، رۆژبەرۆژیش ئاگرەکە زیاتر تەشەنە دەکات و پوش و پاوان و دارستانێکی زۆر سووتاوە، خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ناتوانن ئاگرەکە کۆنتڕۆل بکەن، بەھۆی ئەوەی دەترسن تورکیا بۆردومانیان بکات، خەڵک سکاڵایانە دەڵێن، بەردەوام تورکیا بەبیانۆی پەکەکە لە ماڵ و کاروکاسبی ئێمە دەدات، بۆیە بە ھەر دووکیان ماڵیان وێران کردووین، چونکە ئەو شەڕە جگە لە زیانی گیانی و ماددی ھیچی دیکەی بۆ ئێمە تێدا نییە، ئەوەش وای کردووە کە بەردەوام خەڵکی ئەو گوند و ئاوایانە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبێڵن.
ئاگری شەڕی پەکەکە و تورکیا نزیکی گوند و ئاواییەکان بووە، بەشێک لە ئاواییەکان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە، ئەوەش وای کردووە کە ئاژەڵەکانی خۆیان بە ھەرزانی بفرۆشن، جگە لەوەی بە دەیان گوند و ئاوایی بێ کارەبا ماونەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی کارەبا لەو سنوورە خەریکی چاکردنەوەی ھێلەکانن بۆ ئەوەی لە کارەبای نیشتمانی بێبەش نەبن.
تا دێت چەکدارانی پەکەکە زیاتر چیاکان جێدەھێڵن و لە گوند و ئاواییەکان نزیک دەبنەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئەو ھەنگاوەی پەکەکە بە مەترسی لێکدەدەنەوە، چونکە چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ئامێدی خۆ لە گوند و ئاواییەکان نزیک دەکەنەوە، ئەوەش وای کردووە کە ھێزەکانی تورکیا بڕژێنە ناو گوند و ئاواییەکان و پێشڕەوی بکەن، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانان دروست کردووە، چونکە سێ ساڵ دەبێت، تورکیا ھەر جارێک دەکاتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی، بەوەش زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر خەڵکەکە دەکەوێت.
لە سنووری پارێزگای دھۆک لەبەر پەکەکە و بۆردوومانی تورکیا زیاتر لە ٣٦٠ گوند چۆڵکراون کە زۆربەیان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی نە و دانیشتووانانی ئەو گوندانە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان، وەکو گوندنشینان ئاماژەی بۆ دەکەن، بەھۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی، گوندەکانیان بە تەواوەتی چۆڵ کردووە، ئەگەر وا بڕوات گوندەکانی دیکەش چۆڵ دەبن، لەگەڵ ئەوەی تەنھا لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا ٣٠ ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی، ١٨ کەسیش گیانیان لە دەستداوە، ١٠ـی دیکەش بریندار بوونە، زیانێکی زۆری ماددییش بە رەز و باخ و پوش و پاوانی گوندنشینان کەوتووە.
بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و ھەبوونی گەریلاکانی پەکەکە لە نێو گوند و شارەکان، نیگەرانی ھاووڵاتیان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و داوا دەکەن پەکەکە لە گوند و شارەکان دوور بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل نەکرێنە ئامانجی فڕۆکەکانی تورکیا، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار ھاووڵاتیانی سنوورەکە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، منداڵەکانی ئێمە لە ماڵ نەوێرن بێنە دەرەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ترسێکی زۆریان بۆ دروست بووە، بۆیە ئەگەر پەکەکە ھەر بەو شێوەیە خۆ نزیکی گوند و ئاواییەکان بکات، تورکیاش بۆردوومانی گوند و ئاواییەکان بکات ناچار دەبین گۆندەکانمان چۆڵ بکەین و روو لە شارەکان بکەین.
ئارام ساڵح، شارەزا لە کاروباری پەکەکە، بۆ ھەولێر دیارکرد:” بوونی پەکەکە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان مەترسیێکی گەورەیە، چونکە پێشتریش ئەوە پشتڕاست بووەتەوە، کە بەھۆی ئەوانەوە فڕۆکەکانی تورکیا بەردەوام ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان دەکەن و تا ئێستا چەندین ھاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی.
دەشڵێ:” پەکەکە و ئەجێنداکانی مەترسیێکی گەورەن لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا ئەوان لە چیا و چۆڵەکانەوە روو لە سەنتەری قەزا، ناحیە و گوند و ئاواییەکان دەکەن، بۆیە پەکەکە لەو کاتەی کە دامەزراوە بووەتە کێش و گرفت بۆ گوندە سنوورییەکان و تەنانەت ھەموو ناوچەکانی کوردستان، خەڵکی گوندەکانی ناوچەکە خاوەن مەڕوماڵاتن و ناتوانن ٢٠٠ مەتر لە ماڵ و گوندەکەیان دوور بکەونەوە، ھەموو ئەمانە بوونەتە ھۆکار بۆ تێکچوونی بارودوخی خەڵک.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد:” ئامێدی لە ٣٥٦ گوند پێک دێت، ١٩٧ گوند لەبەر چەکدارانی پەکەکە چۆڵکراون.
قایمقامی قەزای ئامێدی، دەشڵێ:”پەکەکە کێشەی سەرەکییە بۆ خەڵکی سنووری ئامێدی، ھەر ئەویش ھۆکارە کە ئەو گوندانە چۆڵبکرێن و ئاوەدان نەکرێنەوە و حکوومەت نەتوانێت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو گوندانە درێژ بکات.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، گوتیشی:” پەکەکە زیانێکی زۆری لە کەرتی گەشتیاری داوە کە زۆر شوێنی گەشتیاری ھەن دەکەونە ئەو گوندانە، بەڵام لەبەر ھەبوونی پەکەکە لەو ناوچانە کەس ناتوانێت بۆ ئەو ناوچانە بچێت، ئەگەرنا ئەو پرۆژانە بکرابان، بە سەدان کەس دەکەوتنە سەر کار و بۆ حکوومەتیش داھاتێکی باش دەگەڕایەوە”.

ھەواڵی زیاتر