شۆڕش غەفووری – ههولێر
چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەنەدانە بە بەرزبوونەوەی نرخ و ساغکردنەوەی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو لە لایەن فرۆشیار و بازرگانانەوە هەنگاوێکی گرنگی هەموو دەسەڵاتێکە لە دونیا و حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەم بارەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێری و بازگرانی و پشکێنەرانی چالاکن.
شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە هەموو بەیانییەک چەندین لیژنەی چاوێری بە پێی و بەرنامەی دانراو دەچنە ناوچەی ڕێگەپێدراوەکان تا لە ڕووی کوالێتی و بەسەرچوون و کەرستەکانی بەرهەمنێنانی کاڵاکانەوە چاودوێری بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان بکەن و ئەگەر مادە و کەرەستەیەکی ماوەبەسەرچوو بدۆزرێتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگیرێت و پسوولەی ماوەبەسەرچاوون دەدرێتە خاوەن دووکان و مارکێتەکە و کەلوپەلەکەی دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی تا دواتر لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە کە لە نوێنەری قائمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنی تایبەت و دیاریکراوە بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان هەیە و لەم ماوەیەش هەمان بەڕێوەبەرایەتیی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوەتەوە. بە پێی ڕێنماییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، سزای بوونی مادە و کەرەستەی ماوەبەسەرچوو لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥ ملیۆن دینار دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتی سزادانی تا ٣ ملیۆن دینار و داخستنی دووکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ هەیە، و سزای ٣ ملیۆنەوە بۆ ٥ ملیۆن و داخستنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتییە و لەوە زیاتر دەکەوێتە دەستی وەزیر و یا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
شایەنی باسە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی و پشكێنەرانیان لە (٦) مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، (٣٨،١٠٩) سەردانیان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان ئەنجام داوە کە بە گشتی (١،٦٥٠) حاڵەتی سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر (١،٠٨٤،٧٦٤) تەن کەرەستەی ماوەبەسەرچووشدا گرتووە.
ئامارەکان بە دابەشکراوی بەسەر پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
ـ پارێزگاری هەولێر:
لە مانگی یەك تا مانگی شەشی ئەمساڵ، (٩،٧٢٣) سەردان ئەنجام دراون.
لەم سەردانانەدا: (٥٠٧) حاڵەتی سەرپێچیکردن هەبووە.
كەرەستەی ماوە بەسەرچوو: (١٦٦،٢٢٩) تەن دەستی بەسەردا گیراوە.
ـ پارێزگاری سلێمانی:
لە مانگی یەك تا مانگی شەشی ئەمساڵ، (١١،٥٢٠) سەردان ئەنجام دراون.
لەم سەردانانەدا: (٨٥٠) حاڵەتی سەرپێچیکردن هەبووە.
كەرەستەی ماوەبەسەرچوو: (٨٠٤،٠٩٥) تەن دەستی بەسەردا گیراوە.
ـ پارێزگاری دهۆك:
لە مانگی یەك تا مانگی شەشی ئەمساڵ، (٩،٦١٥) سەردان ئەنجام دراون.
لەم سەردانانەدا: (١٥٢) حاڵەتی سەرپێچیکردن هەبووە.
كەرەستەی ماوەبەسەرچوو: (٨٨،٠٠٨) تەن دەستی بەسەردا گیراوە.
ـ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:
لە مانگی یەك تا مانگی شەشی ئەمساڵ، (٧،٢٥١) سەردان ئەنجام دراون.
لەم سەردانانەدا: (١٤١) حاڵەتی سەرپێچیکردن هەبووە.
كەرەستەی ماوەبەسەرچوو: (٢٦،٤٣٢) تەن دەستی بەسەردا گیراوە.