هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەولێر.. ئاگر لە کەمپی هەرشەم کەوتەوە 

ئاگر لە کەمپی هەرشەم 1 لە هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە شەش ماڵ بە تەواویی سووتان و هیچیان بۆ دەرنەچووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، سەرجەم بەڵگەنامەکانیان سووتاوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نزیک کاژێر 06:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 6-9-2022 بووە. بەگوتەی دانیشتووانی کەمپەکە ئاگرەکە زۆر گەورە بووە و چەند جارێک کارەبای گشتی هاتووە و رۆیشتووە و دواتر شۆرتی کردووە و کەمپەکە ئاگری گرتووە، ئاگرەکە شەش کەرەڤانەی بە تەواوی سووتاندوون، دواتر چەند کەسێک کە ئاگاداری سەرەتای ئاگرەکە بوون دانیشتووانی کەمپەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و توانیویانە لەنێو ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، بەڵام ئەوەی لەنێو کەرەڤانەکاندا بووە بە تەواویی سووتاوە. 

کەمپەکە تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال و زیاتر لە 150 کەرەڤانەی تێدایە. یەکێک لە دانیشتووانی کەمپەکە لە سەرچاوەیەکدا باسی لە رووداوەکە کرد و وتی: هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئاگرەکە زۆر گەورەبووە و “بەهۆی شۆرتی کارەبا” بوو. 

کەسێک کە ماڵەکەی بە تەواویی سووتاوە و خەڵکی شنگالە، دەڵێت “نازانین بەهۆی کارەباوە بووە یان بەهۆی غاز بووە. سوپاس بۆ خوا هیچ زیانی گیانی نەبوو، بەڵام سەرجەم بەڵگەنامە و نێو ماڵەکەیشمان سووتا.”