ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیێنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بڕیارە کۆمیسیۆن لە چەند رۆژی ئایندەدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فەرمی رابگەینێ. بەرپرسی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، دەڵێ، تانە و سکاڵاکان کاریگەری گەورەیان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان نابێت.

رۆژی یەکشەممە 10ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و نزیکەی 24 کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بە گوتەی شارەزایانی بواری هەڵبژاردن، ئەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە باشترین هەڵبژاردن بووە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کە ئەنجامدراون. پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، توانی 33 کورسی پەرلەمان بباتەوە و سەرکەوتنێکی نوێ لە پرۆسەکەدا تۆمار بکات.
هاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە “هەلێر”ـی گوت:” ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی باشمان تۆمار کرد و کورسییەکانیشمان زیادیان کرد، سەرەڕای هەموو ئەو تێبینییانەی هەمان بوو، ئەنجامەکانمان قبوڵە”.
بەرپرسی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، دەشڵێ: “سەرجەم ئەو سکاڵایانەی تۆمارمان کردبوون، لێکۆڵینەوەیان لێ کرا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کورسییەک لە پارێزگای مووسڵ بۆ پارتی زیاد بکرێت”.
هاوار محەمەد، جەختی لەوەشکردەوە:” تا ئێستا ئەو دەنگانەی کە بە دەست ژمێردراون، هاوتا بوونە لەگەڵ ئەوانەی بە شێوازی ئەلیکترۆنی ژماردراون، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دەرئەنجامەکان دروست نەبووە، ئەوەی هەولێر کە 29 سندۆقە لەسەر بنەمای تۆمارکردنی تانەی چەند کاندیدێکی دەرنەچووە، دەست بە ژماردنەوەی دەنگەکانی هەولێر کراوە، هاوتا دەکرێن لەگەڵ ئەوانەی بە شێوازی ئەلیکترۆنی ژمار دراون، بەڵام چاوەڕوان ناکەین هیچ گۆڕانکارییەک دروست بێت، چونکە دڵنیاین پرۆسەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشێوەیەکی زۆر شەفاف و دیموکراسی بەڕێوەچووە.
بەرپرسی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، ئاشکراشی کرد:” تانە و سکاڵاکان کاتی زۆریان دەوێت، لێکۆڵینەوە لەو تانانە دەکرێن کە لەلایەن کاندیدە سەرنەکەوتووەکان و قەوارە سیاسییەکان تۆمار کراون، لەسەر بنەمای ئەو تانانە کۆمیسیۆن پێداچوونەوە دەکات، بۆیە پرۆسەکە ماوەیەک دەخایەنێت، بەڵام ئەگەری زۆرە لەو دوو هەفتەیەدا یەکلا بکرێنەوە و کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنێت.
هاوار محەمەد، ئەوەشی درکاند:” هەندێک لایەن تا ئێستا لە ئەنجامی هەڵبژاردن نارازین و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەت دەکەنەوە، داوای ئەوە دەکەن کە تەواوی سندۆقەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق بەشێوازی دەست هەژمار بکرێنەوە، بەڵام ئەوە داوایەکی زۆر سەختە و زۆر ئەستەمە ئەوە ئەنجام بدرێت، بۆیە لە ئەنجامدا هەموویان دێنە بن باری ئەوەی بەوشێوەی کە راگەیاندراوە دەرئەنجامەکان قەبوول بکەن.
هاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، زیاتر دەڵێ:” پارتی جگە لەوەی کە هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەموو کاتێک ویستوویەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات، بێجگە لەوەی پارتی وای دەبینێ کە خەڵکی کوردستان خاوەنی قەزییەکی نەتەوەییە لە عێراقدا دەیەوێت بەپێی دەستوور مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دەست بهێنێت، وەکو ماددەی 140 و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، کێشەی پێشمەرگە و تەواوی ئەو کێشانەی کە تا ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا بە چارەسەر نەکراوی ماون، بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، پێویست دەکات پارتی بەهێزەوە لە بەغدا بێت”.

ھەواڵی زیاتر