دوای ٢٤ سەعات شەڕ و توندوتیژی ئارامی بۆ عێراق گەڕایەوە

ماراسۆنی شەڕ و توندوتیژی و پێکدادانەکانی عێراق ڕێک ٢٤ سەعاتی خایاند و موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر بە پەیامێک کۆتایی بە توندوتیژییەکان هێنا و ئاوێکی بە ئاگرەکەدا کرد و ئەمەش لە لایەن ڕێبەرانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازیی لێ کرا.

دوانیوەڕۆی دوێنێ سێشەم موقتەدا سەدر کە ڕۆژێک پێشتر وازهێنانی یەکجارەکی لە سیاسەت ڕاگەیاندبوو، هاتە بەردەم کامێراکان و وێرای دووبارە پێداگریی لە وازهێنانی لە سیاسەت، ڕەخنەی توندی لەو دۆخە گرت بەرۆکی عێراقی گرتووە و بە پەیامێک کۆتایی بە توندوتیژییەکان هێنا.
ئەو لە پەیامەکەیدا ڕەخنەی لە لایەنگرانی خۆی و سەرجەم ئەو کەسانە گرت ڕۆڵیان لە توندوتیژییەکاندا هەبووە و گوتی بکوژ و کوژراو لە ئاگردان و ئەو شۆڕشەی دەستیان پێ کردبوو نەدەبوایە بگاتە ئەو قۆناغەی کوشتن و توندوتیژی بەدواوە بێت، ئەو خۆپێشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ی بیر هێنایەوە کە بەهۆی توندوتیژی لە ڕێڕەوی خۆی لایدا.
سەدر گوتی ”پێشتر نیشتمانەکەم دیلی گەندەڵی بوو، بەڵام ئێستا دیلی گەندەڵی و توندوتیژییە و هیوام دەخواست خۆپێشاندانی ئاشتییانە هەبێت بەبێ چەک. هەر شۆڕشێک توندوتیژی لەگەڵدا بێت، شۆڕش نییە و من ڕەخنە لە شۆڕشی ڕەوتی سەدریش دەگرم.”
دواتر هەڕەشەی لە لایەنگرانی کرد ئەگەر بۆ ماوەی سەعاتێک لە بەردەم پەرلەمان و ناوچەی سەوز و نەکشێنەوە و تەنانەت کۆتایی بە خۆپێشاندانە ئاشتیخوازانەکانیش نەهێنن ئەوا لێی بێبەرین. دوای پەیامەکەی سەدر تەقەی شەڕ وەستا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە کۆتایی بە توندوتیژییەکان هاتووە.
سەدر لە پەیامەکەیدا سپاسی هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق و تەنانەت کارمەندانی حەشدی شەعبی کرد، بەڵام هەڕەشەی لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە چەکدارانی هۆزەکان کرد کە بوونەتە هۆکاری ئەو دۆخەی لە عێراق هاتووەتە کایەوە.
دوای ئەو هەڵوێستەی سەدر ئاوێک بە ئاگری توندوتیژییەکان کرا و لایەنگرانی سەدر پەیتا پەیتا لە شوێنی خۆپێشاندانەکان کشانەوە و هەنگاوەکەش لە لایەن حکوومەت و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی نەتەویەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لێ کرا.
رۆژی دووشەم توندوتیژییەکان دوای ئەوە سەری هەڵدا کە یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعە بە ناوی سەید کازم حائیری کە لە مەرجەعییەتی سەدر نزیک بوو وازی لە مەرجەعییەت هێنا، دواتر موقتەدا سەدریش بە یەکجاری وازی لە کاری سیاسی هێنا و نەجەفی کردە مەرجەعی سەرەکی.
دوای هەڵوێستی ئەو مەرجەعییەتە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێکدا بە یەکجاری وازهێنانی خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند و جگە لە چەند دامەزراوەیەک تەواوی دامەزراوەکانی ڕەوتەکەی هەڵوەشاندەوە.ئەو سێ دامەزراوەیەی سەدر هێشتوویەتەوە بریتین لە لە مەزارگەی پیرۆز، مۆزەخانەی پیرۆز و دەستەی کولتووری بنەماڵەی سەدر.
دوای ئەم دوو هەڵوێستە لایەنگرانی سەدر بە تەواوی توورە بوون و دەستیان بە هێرشکردن و هەڵکوتانە سەر بارەگا حزبی و حکوومییەکانی عێراق کرد و ئاڵۆزی و توندوتیژی پەرەی سەند و لە شەودا گەیشتە لووتکە.
بەهۆی ئەو توندوتیژییانە کە ٢٤سەعاتی خایاند ٣٣ کەس کوژران و بە دەیان کەسیش بریندار بوون. شەو تا بەیانی دەنگی ئارپیچی و هاوەن و چەکی سووک و قورس لە ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی تری عێراق دەبیسترا و دۆخی عێراق تا ئاستێک شڵەژا کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد وابە ئاسانی دامرکێتەوە.
دەروازە نێودەوڵەتییەکان داخران و بەشێک لە وڵاتان داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد عێراق جێبهێڵن و بەشێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیش گەشتەکانیان بۆ بەسڕا و بەغدا هەڵوەشاندەوە. هەر لەژێر کاریگەری ئەم ڕووداوانە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نزیکەی ٤% هەڵکشا.
دوای پەیامەکەی سەدریش دووبارە دەروازەکان کرانەوە، قەدەغەی هاتوچۆ لە شەقامەکانی بەغدا هەڵگیرا و نرخی نەوتیش ئاسایی بووەوە و دامەزراوەکانی عێراق دەستیان بە چالاکییەکانی خۆیان کردەوە.
ئەوەی ڕوویدا سەرهەڵدانی ئاگرێکی شەڕ و پاشان کوژانەوەی ئاگرەکە بوو، بەڵام کێشە سیاسییەکان و پرسی دامەزراندنی حکوومەت لە شوێنی خۆیەتی و هێشتا ئاسۆی سیاسیی عێراق لێڵە و دیار نییە دوای وازهێنانی سەدر لە کاری سیاسی و زاڵبوونی بەسەر شەقام و جەماوەردا، چی بەسەر داهاتووی حکوومەت و پەرلەمان و نەخشەی سیاسیی عێراقدا دێت.

ھەواڵی زیاتر