مەزهەر كەریم ـ سلێمانی
فاتیح ڕەوف، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لەم چاوپێكەتنەدا بۆ ” هەولێر” دەڵێت:” فشارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق، زیاتر فشاری سیاسییە بۆ سەرهەرێم، بەپێی دەستوری عێراق ( هەرێمی كوردستان ) قەوارەیەكی یاساییە و خەڵكی عێراق دەنگی بۆ داوە. دەشڵێت؛ هەتا نەبینە كیانێكی سەربەخۆیی نێودەوڵەتی و لەسەرئاستی جیهانی دەنگی لەسەر نەدرێت ئێمە لەهەرێمی كوردستان ئارام نابین و هەموو كات لەبەردەمی ئەگەری هێرشی داگیركەرانین.
- ئێوە وەك حیزبی سۆسیالیست بۆ یەكگرتوویی كورد لەبەغدا چیتان كردووە؟
- هەمیشە بەرژەوەندییەكانی میللەتەكەمان بەگرنگترو لەپێشتر داناوەو پەیوەندیەكی بەردەواممان هەبووە لەگەڵ هێزو لایەنەسیاسیە عێراقی و نێودەوڵەتیەكان، كە تا ئێستاش كاریگەریی ڕاستەوخۆیان ناڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا. جەختمان لەڕەوایەتی مافی نەتەوەكەمان كردووەتەوە، كە تا چارەسەری كێشەی ڕەوای میللەتی كورد نەكرێت زۆر ئەستمە نەك عێراق بەڵكو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێكی ئارام و سەقامگیر بەخۆیەوە ببینێ، لە ئایندەشدا هەوڵی زیاتر دەدەین لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەكان بۆ پشتیوانی و پشگیری مافی ڕەوای نەتەوەكەمان”.
*هەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنی کوردی لە کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بە هەمان نەفەسی دوژمنانی کورد کار دەکەن، ئەوە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
-دەبێت ئەو ڕاگەیاندنانە ئەوە بزانن كە هەرێمی كوردستان بەهەموو كەموكوڕیەكانیەوە بەرهەمی خەبات وماندوبوونی سەرجەم نەتەوەی كوردە. هیچ كاتێك ڕاگەیاندنێكی شۆڤێنستی عەرەب چاوی بەهەرێمی كوردستان و نەتەوەی كوردا هەڵنایەت، نابێت ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە كوردیانە بەرژەوەندیەكانی نەتەوەكەمان بكەنە قوربانی لەپێناو بەرژەوەندیەكی كەسێ یا هەر بەرژەوەندییەکی دیکە كەبۆ مەرامێكی تایبەت بێت”.
- فشارو بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەرامبەر بە كوردستا، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێننەوە ؟
- بێگومان فشارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق، زیاتر فشاری سیاسییە بۆ سەر هەرێم، بەپێی دەستوری عێراق ( هەرێمی كوردستان ) قەوارەیەكی یاساییە و خەڵكی عێراق دەنگی بۆ داوە، پێم وانییە هەروا بەئاسانی لەلایەن دادگایەكی عێراقیەوە بتوانرێت بەئاسانی هەموو مەرامەكانی هێزە سیاسیە شۆڤێنیەكان بەسەرهەرێمی كوردستان دا بچەسپێت”.
*خوێندنەوەتان بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقچیە، كەداوا دەکات نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكرێت؟
- بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم، كاتێك كاریگەری دەبێت و دەتوانرێت جێبەجێ بكرێت هەر كات شایستەی دارایی و بودجەو موچەی تەواوی هەرێمی كوردستانیان نارد، ئەوكات دەتوانرێت هەرێمی كوردستان پابەند بكەن بە كۆمەڵێك مەرج، ئەمەش كارێكی ئەستەمە، نەوتی هەرێمی كوردستان لەو بڕوایەدا نیم جارێكی تر بتوانرێت بخرێتە ژێر ڕكێفی عێراقەوە.
*پێویستە کورد دژی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێم چی بکات؟
- قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەمرێكی واقعیەو بەهیچ جۆرێك ناتوانرێت لەلایەن حكوومەتی عێراقە وە هەڵبوەشێنرێتەوە، هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، لەهەمانكاتدا پێویستە هێزە سیاسیەكانی کوردستان شەقامی كوردی ئاشت بكەنەوە و ڕوحیەتی نەتەوەیی بەهێز بكەن، ئەمەش ئەكی سەرشانی بەرپرسانە لەهەرێمی كوردستان”.
- ئێوە وەك حیزبی سۆسیالیست، هەڵوێستتان چی بووە لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟
- سەبارەت بەهێزی پیشمەرگەی كوردستان، ئێمە وەك پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پێمان باشە هەموو هێزەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێكبخرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە ئامادەییمان نیشان داوە، كە هیوا خوازین بەزوترین كات وەزارەتی پێشمەرگە ببێتە وەزارەتێك ململانێی حزبی تێدا قەدەغە بكرێت.
- بەبڕوای ئێوە مەترسی هەیە لەسەر هەرێم؟ ئەو مەترسیانە چین؟
- هەتا نەبینە كیانێكی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی جیهانی دەنگی لەسەر نەدرێت ئێمە لەهەرێمی كوردستان ئارام نابین و هەموو كات لەبەردەمی ئەگەری هێرشی داگیركەرانین. دەبێت ئەوەش بزانین ئێمە بەچەند نەتەوەیەكی جیاجیا چواردەور دراوین كە هەمویا خاوەنی دەوڵەتن بە بڕوای من ئاسان نییە وا بیر بكەینەوە كە هیچ مەترسیەكمان لەسەر نییە. بە بەپێچەوانەوە دەبێت هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە فشارمان لەسەربێت هەتا دەگاتە داخستنی سنوورو بەزاندنی سەروەری خاكەكەمان، كەهیواخوازم سەركردایەتیی سیاسی كورد بە حەكیمانەلەگەڵ ئەم دۆخەدا مامەڵە بكات. بەڕاستی ئێستا هەرێمی كوردستان لە ژێر مەترسی ڕاستەوخۆیی داگیركەران و دوژمنانی نەتەوەكەماندایە”.
- لەبارەی پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان، بۆچوونتان چیە؟
- دەبێت لایەنەکان زۆر بەخێرایی هەوڵبدەن دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان دابنرێت و هەموو خاڵە جەوهەریەكانی دەسەڵاتەكان و پەیوەندیەكان و ماف و ئازادی تاكی كوردی تێدا بێت كە هەموان لەسەری كۆك بن “.
- پێكنەهێنانی دەوڵەتی عێراق ناتەبایی نێوماڵی شیعی زیانی بۆ كورد دەبێت؟
- پێكنەهێنانی حكوومەت لایەنی سلبی زیاترە ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی بودجە و مووچە بكات لەعێراق. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین هەركاتێك لایەنی شیعە ڕێككەوتن یەك سەعات چاوەڕوانی كورد ناكەن، باشتر وایە ئێمە هەوڵی ڕازیكردنی شەقامی كوردی بدەین و هەوڵ بدرێت پێداویستیەكانیان و خزمەتگوزاریەكان لەئاستێكی باشدا بێت، خۆمان سەرقاڵی پڕكردنەوەی پێداویستیە ناوخۆییەكان بین نەك میلەتەكەمان لە دۆخێكی ئاڵۆزدا ژیان بگوزەرێنن”.