کۆڤان رەشید، بەڕێوەبەری شارەدێی شێروان مەزن:چەندین ساڵە خەڵکی سنووری شێروان مەزن لە ئاوارەییدا دەژین

بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی پەکەکەوە خەڵکی سەدان گوندی ھەرێمی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینەوە بێبەش کراون لە گوندەکانیان و زیانی گەورە بە ژێرخانی ئەو ناوچانە کەوتووە، تەنھا لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر ٥٥ گوند چۆڵکراون.

لەوەتەی راپەڕینی خەڵکی کوردستان بەرپا بووە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تا ئێستا پەکەکە بنکە و بارەگاکانی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر کردووە، بەو ھۆیەوە نزیکەی ٦٥٠ گوندی ھەرێمی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵکراون، زیاتر لە ١٥٠ کەس شەھید بوونە و بە دەیانی دیکەش بریندار بوونە، زیانێکی زۆری ماددیش بەر ھاووڵاتیان و ژینگەی ئەو ناوچانە کەوتووە”.
ھاووڵاتیانی ناحیەی شێروان مەزن بوونەتە قوربانی و ھەندێک لەو ھاووڵاتییانەی گوندەکانی خۆیان جێھێشتووە داوادەکەن شەڕ بوەستێت، تا بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان، چونکە زیانی کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی زۆر زیادی کردووە، ئاژەڵداران نازانن بەرەو کوێ بچن.
کۆڤان رەشید، بەڕێوەبەری شارەدێی شێروان مەزن، بۆ ھەولێ، دەڵێت:” ناحیەی شێروان مەزن لە ٧٣ گوند پێک دێت، لەو ژمارەیە تەنھا ١٨ گوند ئاوەدانن، ئەوانی دیکە لەبەر پەکەکە ھەموویان چۆڵن، دوای ڕاپەڕین ژمارەیەک گوندی دەڤەری مزووری باڵا ئاوەدان کرانەوە، بەڵام بەھۆی ھەڕەشەکانی چەکدارانی پەکەکەوە ئەوانیش دووبارە چۆڵ کران، زیانی وا گەورە بەر ژێرخانی ئابووری ناوچەکە کەوتووە کە ھەژمار ناکرێت.
بەڕێوەبەری شارەدێی شێروان مەزن، دەشڵێ:” داواکاری ھاووڵاتییان ئەوەیە پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی ئەوان دوور بکەوێتەوە، بۆ ئەوەی ھەم تورکیا بۆردومانی ناوچەکە نەکات، ھەمیش بتوانن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن”.
کۆڤان رەشید، بەڕێوەبەری شارەدێی شێروان مەزن، ئاشکراشی کرد:” ئاوارەبوونی ئەو خەڵکە کاریگەریی کردووەتە سەر کێشەی بێکاری و چەندین ساڵە خەڵکی سنووری شێروان مەزن لە ئاوارەییدا دەژین، ئەوانەشی لە سنوورەکە نیشتەجێن ھاتووچۆیان سنوردارە و زۆر جاریش بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە قوربانی ھەبووە، ئەگەر پەکەکە لەو دەڤەرە نەمێنێت و کێشەی ئەمنی دروست نەبێت، خەڵک دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان و ساڵانە داھاتێکی زۆریان دەست دەکەوێت، چونکە دەڤەرەکە بە چەندین بەرھەمی خۆڕسک و کشتوکاڵ دەوڵەمەندە و ھاووڵاتییانی ئەو گوندانە چەندین ساڵە لێی بێبەش کراون”.

ھەواڵی زیاتر