پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دراوی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکرێت

دراوی ئەلیکترۆنی داهێنراوێکی نوێی بواری دارایی و بازرگانییە، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ کە بۆ یەکەمین جار بیتکۆین دروستکراو و کڕینی ئۆنڵاینی پێدەکرێت.

لە ئێستاشدا چەندین جۆری نوێی دراوی ئەلیکترۆنی دروستبوون لە جیهاندا و رۆژانە نرخەکانیان گۆڕانکاری بەسەردادێت.
کوردستان بێ بەش نەبووە لەم دراوە ئەلیکترۆنیە و چەندین کۆمپانیا و گڕوپ دروست بوون بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە .
(محمد مجید) شارەزای ئابووری تایبەتمەندییەكانی ئەم دراوە باس دەکات:

  1. كاریگەری نەرێنی زۆری هەیە لەسەر ئابووری تاك و گشتی.
  2. زیان بە هاوسەنگی بازاڕ و مانا و مەبەستی كاركردن دەگەیەنێت.
  3. ئەو كەسەی كە كار بەم دراوە دەكات هیچ پارێزراوییەكی یاسایی و چاودێرێكی نییە دراوەكەی بۆ بپارێزێت.
  4. ئەم جۆرە دراوە كار پێكردنی نادیاری و زیان و هەڵخەڵەتاندن و فێڵ لەخۆ دەگرێت لە بەها و پێوەر و دەستاو دەست پێكردنیدا.
  5. بەكار هێنانی سەردەكێشێت بۆ ترسناكی گەورە لەسەر ئاستی تاك و دەوڵەتدا.
  6. یەكە(وحدە) و پێوەری ژماردنی ئەو دراوانە بێ بنەماو دانەپۆشراون بە بنەما بەرجەستە داراییە جێگیرەكان.
    لە 23ی6ی2020 ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێم، فەتوایەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەم بابەتە، ئەنجومەنی باڵای فەتوا حوكمی گۆڕینه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ كردن به‌ دراوه‌كان له‌ ڕێگه‌ی مۆبایل یان ئینتەرنێته‌وه‌ روون دەکاتەوە.
    لە پێشەکی فەتوایەکە هاتووە: دوای ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ مامۆستایانی ئاینی و موسوڵمانان پرسیاریان كردووه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌ن سه‌باره‌ت به‌ كرین وفرۆشتنی دراو له‌ ڕێگه‌ی مۆبایل یان ئینته‌رنێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا له‌ زۆرێك له‌ بازاڕه‌كانی دراودا ده‌گوزه‌رێت.
    ئەنجوومەنی باڵای فەتوا شێوەی ئەوجۆرە مامەڵەیە دەخاتە روو دەڵێت: نمونه‌ كڕیار ته‌له‌فۆن بۆ نوسینگه‌یه‌كی دراو ده‌كات ده‌ڵێت: ده‌ هه‌زار دۆلار ماڵی من بێت دوای دوو ڕۆژی دیكه‌ پاره‌كه‌ی واصل ده‌كه‌م.. ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌وه‌ كردمه‌ ماڵی تۆو له‌ ده‌فته‌ری خۆی له‌سه‌ر كڕیاره‌كه‌ ده‌ینوسێت، ئینجا دوای دوو ڕۆژه‌كه‌ كڕیاره‌كه‌ ده‌چێت بۆ نوسینگه‌كه‌، یان هه‌ر به‌ته‌له‌فۆن به‌ نوسینگەکە ده‌ڵێت: ده‌ هه‌زار دۆلاره‌كه‌مت پێ ده‌فرۆشم، ئینجا ئه‌گه‌ر قازانجی كردبوو ئه‌وه‌ خاوه‌ن نوسینگه‌كه‌ ته‌نها قازانجه‌كه‌ی پێ ده‌دات، وه‌ ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ری كردبوو بڕی زه‌ره‌ره‌كه‌ی لێ ده‌ستێنێت.
    لەفەتوایەکە هاتووە: ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ دروست نییه‌، چونكه‌ له‌ كڕینی دراو به‌ دراو پێویسته‌ كڕیار و فرۆشیار له‌ مه‌جلیسی مامه‌ڵه‌كه‌ دراوه‌كان له‌ یه‌كتری وه‌ربگرن (قبچ)، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و مامه‌ڵەیه‌ حه‌رام ده‌بێت.
    وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەموو ئەو ماڵپەڕ و ئەپلیكەیشنانە دادەخرێن كە مامەڵەی دراوی ئەلیكترۆنییان تێدادەكرێت.
    ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئەو ماڵپەڕ و ئەپلیكەیشنانە دادەخرێن كە مامەڵەی دراوی ئەلیكترۆنییان تێدادەكرێت.
    وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێم ئاماژە بە ئەوەشدەكات، بە پێی بڕیاری بانكی ناوەندیی عێراق مامەڵەكردن بە دراوی ئەلكترۆنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان قەدەغەیە.
    دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی و بیتکۆین بە تایبەتی بوونەتە دراوێکی دیار لە ئابووری جیهاندا، رۆڵ و کاریگەری زۆریان هەیە.
    لەسەر ئاستی جیهان 300 ملیۆن بەکارهێنەری دراوی بیتکۆین هەیە. دراوی ئەلیکترۆنی “بیتکۆین” لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 تاوەکو ئێستا نزیکەی 50٪ی بەهاکەی لەدەست داوە.
    لە دوایین مامەڵەکاندا، بەهای بیتکۆین بۆ نزیکەی 34 هەزار دۆلار دابەزی و ئەمەش بە نزمترین ئاستی دراوە دیجیتاڵییەکە دادەنرێت لە چەند مانگی رابردوودا.
    بەگوێرەی داتاکانی کوین مارکێت کاپ، دراوی ئەلیکترۆنی ئیسریۆمیش لە 15٪ی بەهاکەی لەدەستدا و بۆ دوو هەزار و 440 دۆلار دابەزی.
    شارەزایەک لە کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی دراوە دیجیتاڵییەکان “کوانتەم ئیکۆنۆمیکس”، بۆ ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاندووە، هەواڵەکانی پەیوەست بە قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە رووسیا، گوشاری زیاتری خستووەتە سەر ئەو جۆرە دراوانە.