هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە رێک دەخرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ نووسینەوەی دەستوور دەکات، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبوویەوە. وەکو لایەنەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، کوردستان ھاوشێوەی ھەرێمەکانی دنیا پێویستی بە دەستوور ھەیە، بۆیە ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دانانی دەستووری کوردستان بە گرنگ دەزانن، چونکە دەستوور چەترێکە بۆ ھەمووان و زۆربەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان چارە دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات لەسەر دەستوور و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ھەمە لایەنە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە، لەسەر ئەمە نامەیەکی ئاراستەی پەرلەمان کردووە، ھەر بۆ ئەم مەبەستە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان سەبارەت بە دەستووری ھەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و رای ھەموو سەرۆک فراکسیۆنەکان لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور وەرگیرا، کە زۆربەی زۆری لایەنەکان پێیان باشە ھەرێمی کوردستان دەستووری خۆی ھەبێت، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەکە دروست بکرێتەوە.
دەستوور ئەو بەڵێننامەیەیە کە ماف و ئەرکەکانی ھاووڵاتیبوون دیاری دەکات و سیستەمی سیاسی لە وڵاتدا دیار دەکات و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکات، بۆ ئەوەی ھیچ کامیان دەست وەرنەداتە دەسەڵاتی ئەوی تر، دەستوور ئەو بەڵێننامەیەیە کە لە نێوان دەسەڵات و ھاووڵاتیدا پێوەندییەکان ڕێک دەخات.
پڕۆژە یاسای دەستووری ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩وە ئامادە کراوە، کە لە ١٢٢ ماددە پێک ھاتووە، لێژنەی نووسینەوەی دەستووری خولەکانی پێشتر، زیاتر لە ٧٠ ماددەیان نووسییەوە، بەڵام بەھۆی نەبوونی کۆدەنگی نووسینەوەی دەستوور بەردەوام نەبوو، بەپێی لێدوانی لایەنە سیاسییەکان، بۆ نووسینەوی دەستوور ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە رێک دەخرێتەوە و کەمترین تەنگەژەی سیاسییش بەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەگرێت، بۆیە لایەنە سیاسییەکان لەم خولە لە ھەوڵی نووسینەوەی دەستوورن و داوا دەکەن لەم خولەی پەرلەمان بە سازانی لایەنەکان دەستووری ھەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە.
پێشتر د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان، رایگەیاندبوو: “ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغێک کە دەبێ دەستوورمان ھەبێ و ھەموو ناکۆکییەکانمان وەلانێین بۆ ئەوەی تیمی ھاوبەشی نیشتمانی دروست بکەین بۆ نووسینەوەی دەستوور، چونکە نەبوونی دەستوور یەکیک لە کێشە بنەڕەتییەکانی ھەرێمی کوردستانە، کە بووەتە ئاستەنگ و کێشە ھەم بۆ دەسەڵاتەکان و ھەمیش پەیوەندیی دەسەڵاتەکان لەنێو یەکدیدا، لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا ئەو مافە دراوەتە خەڵکی کوردستان و ھەرێمی کوردستان.
مونا قەھوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد: “تەواوی ئەو لایەنانەی لە پەرلەمان خاوەن کورسین و ئەوانەی لە دەرەوەی پەرلەمانیشن، مافی خۆیانە ڕا و بۆچوونی خۆیان ھەبێت لەسەر پرسی دەستوور، چونکە پرسێکی نیشتیمانییە و پەیوەستە بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان، بۆیە دەمانەوێت دەستووری ھەرێمی کوردستان بە شێوازێک تێپەڕێت کەوا لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت و، لە کەشێکی ئارام و لە دەرەوەی ململانێی سیاسی و بە تەوافوق ئەو پڕۆژە گرنگە بەدەست بێنین”.
مەناف سەعید، پسپۆڕی دەستووری، بۆ ھەولێر گوتی: “بوونی دەستوور بۆ کوردستان زۆر پێویستە،‌ بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی قەوارەی سیاسیی کوردستان ڕێک بخات، ئەو ھەوڵەی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەخاوەنکردنی دەستوور لە کوردستان گرنگە، چونکە دەستوور پێوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ وڵاتان دیاری دەکات، بۆیە گرنگە ھەرێمی کوردستان دەستووری ھەبێت”.
سەعید، دەشڵێ:” دەستوور ناسنامەی ھەموو یاساکانە، دەستووری عێراق ئەو مافەی داوە بە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، چونکە یەکێک لە بنەماکانی فیدڕاڵی ھەبوونی ھەرێمەکانە، ھەرێمیش مافی دەستووری ھەیە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات و پێشتریش ھەر بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەکان کۆ بووەوە و تەئکید لەوە کرایەوە کە دەبێ ھەرێمی کوردستان ببێت بە خاوەنی دەستوورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو و بەشداریی ھەموویانی تێدا بێت و خواست و مافەکانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان و ئێستا و داھاتووی وڵات و گەلی کوردستان بپارێزرێت و لەگەڵ دنیای پێشکەوتوو بگونجێت”.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەک پێک ھات بۆ نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان و لیژنەکە ٧١ ماددەی دەستووری نووسی، بەڵام بەھۆی ھەبوونی ناکۆکی لیژنەکە کاری خۆی تەواو نەکرد و لەم خولەی پەرلەمانیشدا ھەوڵی زۆر بۆ دەستووری ھەرێمی کوردستان دراوە و ھەموو لایەنەکان ڕازین بەوەی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور و پشتگیریی دەکەن، چونکە بوونی دەستوور زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و کێشەکانی ھەرێم چارەسەر دەکات، لە ڕووی یاساییەوە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و سەرجەم کێشەکانی خۆشمان لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر دەبن و دەسەڵاتەکانی حکوومەت و دادوەری و ھەموو دەسەڵاتەکانیش دیاری دەکات، زۆر کێشەمان ھەیە ئەگەر دەستوور ھەبووایە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبوون، بۆیە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سوورین لەسەر ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، ھەتا سەرۆک بارزانی داوای کردووە کە پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، بۆیە ھەموو ھەوڵێکی بۆ دەدەین.
خەدیجە عومەر، ئەوەشی گوت: “زۆر گرنگە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، چونکە دەستوور چەترێکە بۆ ھەمووان، بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، دەستوور رەنگدانەوەی بیروبۆچوونی ھەموو لایەنەکان دەبێت، باسی ماف و ئازادی ھەموو کەسێک دەکات، باسی سیستەمی سیاسی دەکات، ئەگەر ئێستا کێشەمان لەسەر یاسایەک ھەبێت چەندین بیروبۆچوونی جیاواز دەبێت، بەڵام ئەگەر دەستوورمان ھەبێت، ئەگەر ناکۆکیش ھەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ دەستوور و ئەو حوکم دەکات و دەستوور دەبێتە ناسنامە بۆ کوردستان و زۆربەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان چارە دەکات.

ھەواڵی زیاتر