پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و لەبارەی کامێراکانی چاودێری بڕیار دەدات.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 23/8/2022، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆببێتەوە و تەوەری سەرەکیش کامێراکانی چاودێری دەبێت، کە ماوەیەکە بووەتە پرسی رۆژانە و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان نیگەرانن لە دانانیان.

بەگوێرەی بانگهێشتنامەی ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە ئاراستەی سكرتێری ئەنجومەنەكەی كردووە، بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەن، کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەش دانانی كامێرای چاودێری لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە دەخرێتە دەنگدان و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردبوو، دانانی كامێرای چاودێری لە سنووری پارێزگای سلێمانی رەتبكرێتەوە و بە کارێکی نایاسایی وەسفیان کردبوو.