پاش نامەی سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ داوای پشتیوانی و هەنگاوی ئیدارەی ئەمریکا لە گوشار بۆ سەر عێراق بەرامبەر هەنگاوەکانی لە کەرتی نەوت و وزەدا، ئێستا چاوەڕێ دەکرێت ئیدارەی ئەمریکا چەند هەنگاوێک هەڵگرێت و گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بکات لە پێناو بەرژەوەندی و کاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان .
نامەکەی سیناتۆران مایکڵ واڵتز لەگەڵ دینا تیتوس، دۆگ لامبۆرن،لە نێوخۆی ئەمریکا و لە جیهانیش کاردانەوەی دایەوە پاش 6 مانگ یەکەم هەنگاو و هەڵوێست بوو بەرامبەر هەنگاوەکانی عێراق بەرامبەر کەرتی وزەی کوردستان
واڵتز خۆی پێشتر لە ئەفغانستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە و ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکانە، ئەوانی دیکەش شارەزای دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن،نامەکە کە لە سیناتۆری هەردوو پارتەکەی ئەمریکا ( کۆماری و دیموکراتەکان) نووسراوە جگە لە نووسینی لەلایەن ئەو سێ ئەندامەوە ئەندامی دیکەش هەڵوێست و کاردانەوەیان هەبووە و پشتیوانی دەکەن، هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا هێشتا بە فەرمی وەڵامی نامەکەی نەداوەتەو و هەنگاوەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ :” پابەندین بە سیاسەتێکی یەکگرتوو بەرامبەر عێراق، جگە لەوەش هەندێک هەنگاوی دیکە هەیە دەبێت بگیرێتە بەر کە کاریگەری لەسەر عێراقیش دەبێت لەوانە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران .
سەرەڕای ئەوەش بەپێی لێکدانەوەی شارەزایان و بەرپرسانی ئەمریکا نامەکە لە سێ ئەندامی کۆنگرێسەوە بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە وەکو ئاماژەیەکی گرنگی پشتیوانی چیرۆکی سەرکەوتنی ئابووری هەرێمی کوردستانە وەکو هەرێمێکی هەناردەکاری نەوت لە ١٥ ساڵی رابردوودا لە سفر بەرمیل نەوتەوە بۆ 415 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئێستا جگە لە سیناتۆرەکان ئەو سێ ئەندامەی کۆنگرێسیش دەڵێن؛ دەبێت بایدن پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات و هەولبدات چارەسەرێکی گونجاو بۆ ناکۆکییەکان لەبارەی وزە لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە، بەتایبەت کە ئەمریکا 300 ملیۆن دۆلاری وەکو قەرز لەلایەن ئاژاسنی پەرەپێدانی ئەمریکا داوەتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان.
کۆنگرێسمانەکان جگە لەوەش ستراتیجیەتێکی گرنگی هەرێمی کوردستانیش لە بواری وزە دەخەنەڕوو و دەڵێ؛ بەهۆی ئەو وەبەرهێنانەی لەوبوارە کراوە، سوودی بۆ عێراق و تورکیا و باشووری ئەوروپاش دەبێت، بەتایبەت لە کەمکردنەوەی پشت پێبەستنی کەمتری ئەوروپا بە گازی رووسیا.
نامەی کۆنگرێسمانەکان روونی کردووەتەوە کە دەبێت وەڵام و پشتیوانییەک هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لە ناوەڕاستی شوباتی رابردوو ماڵی شێخ باز کەسایەتی و سەرمایەداری هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیشت، هەرچەندە ئیدارەی بایدن چەندین جار سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردووە، بەڵام لایەنی بەرپرسیاری دیاری نەکردووە و هەنگاویشی نەناوە.
کۆنگرێسمانەکان نووسیویانە:” دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان پێویستە ئەمریکا بە خێرایی هەنگاو هەلگرێت و رێگر بێت لە زیان گەیاندن بە کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان .
پرۆفیسۆر بریندان ئۆلەری، لە زانکۆی پەنسلڤانیا دەڵێ :” ئەو دادگایەی لە عێراق پێی دەگوترێت فیدراڵی خۆی نایاساییە، هەنگاوەکانی دروستکردنی و ئەو بڕیارانەشی ئێستا دەیدات نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر بڕیارەکانی .”
شرۆڤەی نێوخۆیی لە ئەمریکا بەشێوەیەک کە ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی کرابێتە کارتی سیاسی و لە ناکۆکی لایەنەکان بەکارهاتبێت، بەتایبەت کە ناکۆکی و ململانێی قووڵ لە نێوان مالیکی و سەدر هەیە لەسەر حکوومەتی داهاتوو .
لە نامەکەی ئەو سێ ئەندامەی کۆنگرێسدا دەڵێن:” ئەو بڕیارانەی دادگا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و دوور لە بنەمای دەستووری کارکردنی دوو کۆمپانیای ئەمریکی و دووی ئەوروپی وەستاندووە، لەکاتێکدا بەغدا کاری کۆمپانیا رووسی و چینییەکانی نەوەستاندووە .
لە نامەکەیان دەڵێن:” نیگەرانین لەوەی ئەو هەنگاوانە عێراق نا سەقامگیرتر بکات، ئارامی ناوچەکە بخاتە مەترسی، ئەوەش کاریگەری بخاتە سەر بازاڕی نەوت و وزە لە جیهاندا، بۆیە ئەوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە هەیە و دەبێت ئەمریکا هەنگاو بنێ بۆچارەسەری کێشەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان .”