١٤٠پەرلەمانتار داوا دەکەن کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوردستان بکرێت

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا دەڵێت، ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەن ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام میکانیزمی ھەڵبژاردن ماوە کە چۆن و بە چ شێوازێک لەسەری رێک دەکەون، دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە. دەشڵێ، لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە کلیلی چارەسەرییەکانی عێراق لای سەرۆک بارزانییە، بۆیە بەردەوام رێگەی پیرمام دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەوەش سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت دەبێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەوەی ھەموو لایەنەکان پابەند بن بە دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەوە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵ دەدات دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بە واژۆی ١٤٠ پەرلەمانتار داوایەک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کراوە.
خۆپێشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە خۆپێشاندان بەردەوام دەبن.
بڕیاربوو دوێنێ شەممە خۆپێشاندانی “ملیۆنی” لایەنگرانی سەدر لە بەغدا بەڕێوە بچێت، بەڵام موقتەدا سەدر خۆپێشاندانەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” دەوڵەتی عێراق وەکو کیان زۆر لاواز بووە، دەبێت ئێمە وەکو کورد بەرگری لە کیانی ھەرێمی کوردستان بکەین، چونکە ئەو کیانە زامنە بۆ ھەموو لایەنەکان کە ئێمە ببینە مەرکەزێک لەرووی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراق بکەین دەبێت ئێمە سنوورێکمان ھەبیت بۆ ئەو مافانەی کە ھەمانە، دەبێت رێککەوتن بکرێت، نەک ھەر پشت بە دەستوور ببەستین، چونکە ئێستا دەستووریان زۆر لاواز کردووە، بۆیە ئێستا دەرفەتە بۆ کورد، چونکە شیعە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی پێویستی بە کوردە، بۆیە دەبێت کورد مەرجی ھەبێت، بەو شێوەیە دەتوانین کیانی ھەرێمی کوردستان پتەوتر بکەین، لایەنە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش دەزانن ھەولێر دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی عێراق بکات، بۆیە یەکگوتاری بۆ کورد زۆر گرنگە لەبەغدا، پارتییش لەگەڵ ھەر کارێکە کە ببێتە ھۆکاری چارەسەرکردنی کێشەکان و بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان.
د. سەباح حەیدەر، ئەندامی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەختی لەوەش کردەوە:” ھیچ چارەسەرێک نییە جگە لە رێککەوتنی لایەنە شیعەکان، ئەوە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانیشە، چونکە کورد بە دەیان مافی لە بەغدا ماوە، وەکو ھێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ئەوەیان بە لایەنە سیاسییەکانی عێراق گوتووە کە ئەوان بەشێک نین لەو ململانێیەی وڵاتی گرتووەتەوە و ھەر ھەنگاوێکیش بنرێت، چ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بێتیان ھەڵبژاردنی پێشوەخت، دەبێت بە رێگەی دەستوور بێت”.

ھەواڵی زیاتر