پ.د. نەزاکەت حسێن
پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوەبزانین سۆشیاڵمیدیا و بەکارهێنانی دیاریکراو نییە، واتە سنووردار نییە بۆچی بەکاری دێنێت بۆ باش یان خراپ؟ بۆ داهێنان یان تێکدان؟ وەک ئامرازەکانی تری میدیا و کۆمینیکەیشن چەکی دووسەرەیە، بەڵام ئەوەی جیاوازی دەکات لە میدیاکانی پێشوو ئامرازەکانی کۆمینیکەیشنی پێشوو، ئەوەیە کە ناوەەڕۆکی ئامرازەکانی سۆشیاڵمیدیا مرۆڤ واتە هەموو کەس خۆی بەرهەمی دێنێت. جگە لەوەی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی دەوڵەمەندی دروست کردووە بۆ ژیان تێدابەسەربردن و گەڕان بە مێشک نەک بەجەستە بەجیهانێکی بێسنووردا، بتوانیت شاشکە بەجێ بهیڵێت و بچێتە ناو کێڵگەیەکی کشتوکاڵی و باخداری و ئاژەڵداری، یاری و دروستکردنی چەندین گرووپی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی. ئۆباما سەرۆکی پێشووی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە کۆنفرانسێک لە ستاندفۆر لەبارەی دەرفەت و مەترسیەکانی ئینتەرنێت و سۆشیاڵمیدیا دەڵێت”من سەرم سووڕ دەمێنێت بە ئینتەرنێت کە ملیار مرۆڤی بەستوە بەیەکەوە لەجیهان، مەعریفەی سەدەیەکی خستە ناو پەنجەی دەستەکانمانەوە، وای کرد لە ئابووریمان کە ئیمکانێکی باشی هەبێت، چارەسەری پزیشکی خێراتر کرد، هەلی نوێی ڕەخساند، بواری دا بە مرۆڤەکان بەرژەوەندییەکانیان هاوبەشی پێ بکەن و یەکتر بدۆزنەوە، من هەرگیز نەدەبووم بە سەرۆک ئەگەر وێبسایت و MySpace نەبوایە و ئەو دەنگانەم نەدەهێنا، Meetupو فەیسبووکەکەم بواری دا بە سوپایەک گەنجی خۆبەخش کە پارە کۆکەنەوە، پەیامەکانم بڵاو کەمەوە، کە ئەم بوە هۆی دەرچوونی من بۆ سەرۆکی ئەمریکا. دەڵێت لەوکاتە ئێمە شایەتحاڵین کە چالاکوانەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی چۆن سۆشیاڵمیدیا بەکار دێنن بۆ تۆماری خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن و قسەکردن لەسەر نادادی و کۆکردنەوەی خەڵک لەسەر کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا یەکسانی ڕەگەزی و نەژادی، بە بوون لە ئینتەرنێت و زانیاریی شۆڕش بەئاسانی دەگوازرێتەوە وگەڕانەوە نییە، بەڵام ئاماژەش بەمەترسیەکە دەدات ودەڵیت وەک هەموو پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی دەرەنجامی باشیشی نابێت هەندیک جار دەبێت نرخەکەشی بدەین.” ئەگەر لەم نرخ دانەوە لەبەکارهێنانی سۆشیاڵمیدیا لای کورد بڕوانین. دەبێت ئێمە ئەوە بڵێین، کە ئێمە وەک کورد گەیشتین بە تەکەنەلۆجیا و سۆشیاڵمیدیا کە هێشتا ‘یاسایی، پەروەردەیی، ئیتیکی’ خۆمان بۆ ئامادەنەکردبوو وا نزیکی چارەکە سەدەیەکیشە لەبەردەستمانە و بەکاری دێنین هێشتا لەو سێ ڕووەوە هیچ ئامادەسازیەکمان بۆ نەکردوە. لەوەش زیاتر لەسەر پێویست بوونەکەی کۆمەڵگەی کوردی بەم ئامرازانە بڵێم، هیچ پێداویستیەکی کۆمەڵایەتی، بازرگانی، زانستیمان وەک کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان نەگەیشتبووە ئەوئاساتەی ئەم ئامرازانە جێگای خۆیان بگرن و لەو بورانە سوودی لێ ببینرێت. بۆیە کەوتنە دەستی ئامرازێک، کە تەنها ئامرازێکی وەک کەلوپەلێک یان کاڵایەکی بێ گیان نییە، بەڵکو بە وتەی یوڤاڵ نوح هەراری فەیلەسوفی سەردەم ‘سۆشیاڵمیدیا ئامرازەکانی کۆمینیکەیشن هێزن’ وەک هێزەکانی تری ئابووری و سەربازی، چونکە ئامرازێکن هێزی زانیاری و مەعریفە دەخاتە دەستت، زانیاری و مەعریفەش کاریگەریی لەسەر ئەندێشە، را و بۆچوون، ئاراستە و بیرکردنەوەی خەڵک دروست دەکات. ڕای گشتی دەخوڵقێنێت لەسەر هەرپرسێک کە بتەوێت بە باش یان خراپ. بۆیە بەردەستبوونی ئامرازێکی وا لە کۆمەڵگەی کوردیدا بووەتە هۆکاری پشێویی سیاسی، کۆمەڵایەتی کەلتووری و سایکۆلۆژی. چونکە نازانین بۆ ڕێگە دروستەکان بەکاری بهێنین. جگە لەدروستکردنی قەیرانی متمانە بەیەک نەمان و ترس و دڵەڕاوکێ، چونکە هەریەکەمان دەترسین بەرامبەرەکانمان ڕۆژێک وەک ئامێرێکی چاودێری یان ناوزڕاندن و سووکایەتیپێکردنی ئەوی ترمان بەکاری بهێنێت. بەردەوام ئەپدەیتی تازەترین ڤێرشنی ئەم ئامێرانە بۆ منداڵەکانمان و خۆمان دەکەین و دەیکڕین و بەکاری دێنین بەبێ ئەوەی لە قۆناغەکانی دایەنگا تا خوێندکار زانکۆش تەواو دەکات هۆشیاریەک، پەروەردەیەکی پێ بدرێت، کە چۆن ئەم ئامرازانە بەکار بهێنێت، لەولاشەوە نە بە کۆدێکی یاسایی نە ئیتیکی ڕێک نەخراوە یەک دوو یاسا نەبیت، ئەویش هێشتا زۆرینەی کۆمەڵگە ئاشنا نییە بەم یاسایانە و بەندەکانی. جگە لەوەی کۆمەڵگەیەکی پڕ ململانێیی کۆمەڵایەتی و سیاسین. ئەگەر ڕاشکاوانە بڵێن تاکی کورد ئێستا لە بوونی بۆشایی و بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکانی ژیانی، سۆشیاڵمیدیا بەم نەشارەزاییە بەرهەم و بەکار دێنێت، رەنگە ئەکتیڤترین نەتەوەی بەکارهێنەریش بین بەهۆی زۆری ئەو کاتژمێرانەی کە لەناو ئەم تۆڕانەداین. ئەمەش بەختی داوەتە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵمیدیا کە زۆرترین سوود لە ئێمە وەربگرن بۆ بواری ڕیکلام و زۆری ڤیو و لایکی پەیج و کاڵا بازرگانییەکان. هەر ئامرازێکی زانیاری و مەعریفەش ئاستی ڕانک و لایک و ڤیوو بەکارهێنەری زۆرتر بوو زۆرترین ڕیکلام ڕادەکێشێت و داهاتی ڕیکلامی دەبێت. بۆ دەربازبوون لەم چەرمەسەری و پاشاگەردانییە، ئەرکی حکوومەت، پەرلەمان کۆمپانیاکانی دابین کاری ئینتەرنێتە لەوڵاتدا کە بە ڕێکار و کۆدە ئیتیک و یاسایی و پەروەردەییەکان ئەم ئامارزانە ڕێک بخەن. ئەگینا زۆ رکارەساتی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئیتیکی دەخوڵقێت، کە ئیمە لۆمەی ئەم تۆڕانە دەکەین وا دەزانین هۆکارەکان ئەوانن کە ئەم کێشانەی خوڵقاندوە، نازانین شێوازی بەکارهێنانی خۆمانە، هەروەک ئۆباما لەهەمان کۆنفرانسدا دەڵێت و پسپۆڕەکانی بواری سۆشیاڵمیدیاش وا دەڵێن “کە سۆشیاڵمیدیا کۆمەڵگە خراپ ناکات، بەڵکو خراپیەکانی دەردەخات و ڕێ دەدات بە خراپیەکانی کۆمەڵگە کە گەشە بکات”.