شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەو پێکەوەژیانە تابلۆیەكی جوانی هەموو ئەو پێكهاتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەژیندوێنێ

، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمى ئاهەنگى ئایینیى دەستبەکاربوونى قەداسەتى پاتریارک مار ئاواى سێیەم، پاتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووریدا کرد، کە لە کەنیسەى مار یووخەنناى مەعمەدان لە عەینکاوە بەڕێوە چوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزبایى لە قەداسەتى پاتریارک مار ئاواى سێیەم، پاتریارکى کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووری لە جیهان کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. قەداسەتى پاتریارک و کەنیسەى ڕۆژهەڵاتیى ئاشووری سوپاسى بەشدارى و پشتگیریى نێچیرڤان بارزانى ـ یان کرد، هەروەها سوپاسى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانیان کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى بۆ میواندارى و سەرخستنى ڕێوڕەسمەکە، پێشکەشیان کردووە.

دواى ڕێوڕەسمەکەش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، گوتى:

“ئەمڕۆ هاتبووین بۆ پیرۆزباییكردن لە پاتریاركی نوێی كەنسیەی ئاشووری لە جیهان، پیرۆزباییمان لێكرد. بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەمیشە ئەو پێکەوەژیانە تابلۆیەكی جوانی هەموو ئەو پێكهاتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، بۆیە ئەمڕۆ هاتین بۆ ئێرە و پیرۆزباییمان لێكرد، هیوای سەركەوتن و تەمەندرێژیمان بۆ خواست، پەنا بە خوا سەركەوتوو دەبێت”.

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە پەیامیان بۆ مەسیحییەکان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی:

“پەیامی ئێمە بۆ هەموو خوشك و برایانی مەسیحیمان ئەوەیە عیراق بە شێوەیەكی گشتی بەو تابلۆیەی پێکەوەژیان جوانە كە هەموومان پێکەوە لەو وڵاتە دەژین، هیوادارین ئەوان لەو وڵاتە بمێننەوە و هەموومان پێکەوە و بە خۆشی بتوانین بۆ خزمەتی وڵات و پێشكەوتنی، كار بكەین”.