دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی: پارتی خەبات دەکات بۆیەکڕیزیی لایەنەکان و ڕێکخستنی ناوماڵی کورد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەند ڕۆژێکە لە بەغدا و شاروشارۆچکەکانی دیکەی عێراق خەڵک ڕژاوەتە سەر شەقامەکان و داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، ئەوەش پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق بە تەواوەتی پەک خستووە. دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر دەڵێت، دادگای ئیتحادی ھۆکاری سەرەکیی ھەموو ئەو کێشانەیە، کە ئێستا لە عێراقڕوو دەدەن، چونکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق کاری نەکرد، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئەو حزبانە بڕیاری دا کە عێراقیان بەوڕۆژە گەیاند. دەشڵێ، داعش ڕۆژبەڕۆژ بەھێزتر دەبێتەوە، ڕۆژانە کێشە و گرفت لەو شوێنانە دروست دەکەن کە ھێزی پێشمەرگەی تێدا نییە.

تا دێت ململانێی نێو ماڵی شیعە زیاتر دەبێت، سەدر داوا دەکات پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە، لە ھەمانکاتدا ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت، کە سەدر کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق ھەیە بەشێوەیەکی دیفاکتۆ لەڕێگای شەقام پەرلەمانی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەیەک تویتی سەدر، لایەنگرانی بە ئاسانی پەرلەمان داگیر دەکەن، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی سیاسی و حاڵەتی واقعی کە ئێستا لەسەر ئەرزی عێراق جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک مەسعود بارزانی، رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە سەلاحەددین، پێشوازیی لە خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانیەتیی سیادە کرد. لە دیدارەکەدا ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرد و، جەخت لەسەر ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی نێوانیان کرایەوە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی.
لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەردوولا لەسەر ئەوە ھاوڕا بوون، کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاوێکی باشە بە مەرجێک کە ھەموو لایەک پابەندی ئەنجامەکانی بن.
یەکڕیزی نێوماڵی کوردی بنەمای سەرەکییە لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر کورد یەکڕیز و یەک دەنگ بێت، دەبێتە ھێزێکی بەھێز و کاریگەر لەسەر ئاستی عێراق لە ھەموو ڕوویەکەوە، بۆیە بە گوتەی چاودێرانی پرۆسەی سیاسی، گرنگە ھەموو ھێزە کوردستانییەکان لەژێر چەتری سەرۆکایەتیی ھەرێم یەکڕیز و یەک دەنگ بن، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی کورد دایە و سوودی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە”.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بۆ “ھەولێر” ڕایگەیاند: “ئەو خەڵکەی لە دەسەڵاتدان، دڵسۆزی ئەو وڵاتە نین، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، بۆ گیرفانی خۆیان و بۆ بازاڕەکەی خۆیان خەریکی ڕاوەڕووت و گەندەڵین، ھەر ئەوەش وای کردووە بارودۆخی عێراق بەوڕۆژە بگات، چونکە گرنگە ئەوەی دەگاتە دەسەڵات بیر لەوە بکاتەوە گەلی عێراق لە ناخۆشیدا دەژیت، دەبێت بارودۆخەکە بەوشێوەیە بێت کە لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکانی عێراقدا بێت”.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، گوتیشی: “لەو بڕوایەدا نیم بارودۆخی عێراق وا بە ئاسانی ئاسایی ببێتەوە، ئەگەر ئەوانەی شەقام داوا دەکەن دەربکرێن و دادگای بکرێن و واز لە سیاسەت بێن و تاقیکراوەکان چی دیکە تاقی ناکرێنەوە، ئەگەر ئەوە بێتە پێشەوە ڕەنگە عێراق ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەگەر نەیەنە پێشەوە و قبوول نەکەن تەئکید دەبێت چاوەڕوانی لەوەش خراپتر ببین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لەو بڕوایەدا نیم ئەوان وا بە ئاسانی ساحەی سیاسی عێراقی بەجێ بهێڵن، چونکە بەرژەوەندییان ھەیە.
دیاری حوسێن، دەشڵێ: “دوور نییە ھەڵبژاردنێکی دیکە نەکرێت، چونکە شەقامڕازی نییە پەرلەمان کۆ ببێتەوە و حکوومەت پێک بێت، ئەو حکوومەتەی کە ھەیە کاربەڕێکەرە لە واقعدا دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو بارودۆخە بدۆزرێتەوە، دوور نییە لایەنەکانی دیکەش بگەنە ئەو بڕوایە کە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەرژەوەندیی ئەوانیش بێت، ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختەش بکرێت لە بەرژەوەندیی ئەو حزبانەدا دەبێت کە لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق کار دەکەن.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، ئاشکراشی کرد: “دادگای ئیتحادی بێبەش نییە لەو کێشانەی کە لە عێراق ڕوو دەدەن لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق کاری نەکرد، بەڵکو لە بەرژەوەندیی ئەو حزبانە کاری کرد کە عێراقیان بەو ڕۆژە گەیاند.
سەبارەت بەوەی ئەو ڕەوشەی لە عێراق ھاتۆتە پێشەوە، دەرفەت بۆ دووبارە سەرھەڵدانەوی داعش و گروپە چەکدارەکان دروست ناکات، دیاری حوسێن، گوتی: “داعش ڕۆژبەڕۆژ بەھێز دەبێتەوە، ڕۆژانە چالاکییان ھەیە، ڕۆژانە کێشە و گرفت لەو شوێنانە دروست دەکەن کە ھێزی پێشمەرگەی تێدا نییە، لێرەو لەوێ خەڵک دەکوژن لەگەڵ ھێزە عێراقیەکان کێشە دروست دەکەن، چەک و جبەخانەی ھەیە، بۆیەڕۆژانە ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونن”.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، گوتیشی:” دەبێت کورد یەکڕیز و یەک دەنگ بێت، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، پارتی خەبات دەکات بۆیەکڕیزیی لایەنەکان و ڕێکخستنی ناوماڵی کوردستانی، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار لەگەڵ لایەنەکان کۆ بۆتەوە، بۆ ئەوەی بەرەیەکی بەھێزی کوردی ھەبێت بتوانێ بەرگری لە مافەکانی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەر گۆڕانکارییەک لە عێراق ڕوو بدات، بە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان بشکێتەوە”.
سەبارەت بە کێشەکانی ھەولێر و بەغدا، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی،ڕوونی کردەوە: “پێویست دەکات بەغدا کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکات، ھیچ حکوومەتێک لە عێراق نیەتی ئەوەی نییە کێشەکان لەگەڵ ھەولێر چارەسەر بکات، سەرەتا دێن لای ئێمەوەدەست پێ دەکەن، ئەوانەی پێشتریش سەرۆکوەزیران بوون، لە کوردستانەوە چوونەوە عێراق، ئێمە ھاوکار بووین، کە لە بەغدا حوکم بکەن، بەڵام کە چوونە سەر کورسیی دەسەڵات ئەوەیان لەبیر دەچێت کە ئەوان نان و نەمەکی کوردستانیان کردووە”.

ھەواڵی زیاتر