قایمقامی چۆمان: کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە چۆمان لە قۆناغی جێبەجێکردندان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە کابینەی نۆیەمدا بایەخی زۆر بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دراوە، بۆ ئەم مەبەستە چەندین ملیار دینار بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەرخان کراوە و لە شار و شارۆچکەکانی سنوورەکە دەست کراوە بە کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان. قایمقامی چۆمانیش. دەڵێ، جگە لەوەی بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دینار کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن، رێگای حاجی ئۆمەران – چۆمانیش کاری لەسەر دەکرێت و دەکرێت بە دووساید.

سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان، بۆ “ھەولێر” گوتی: “لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بڕی نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار لە سنووری قەزای چۆمان و ناحیە و گوندەکان بەپێی پلان و قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ دەکرێن، ئەو پڕۆژانەش کە ئێستا کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بریتین لە قیڕکردنی بەشێکی ڕێگای ھامڵتۆن بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر لە پردی حافز بۆ قەزای چۆمان، بە گوژمەی ١٥٠ ملیۆن دینار. ھەروەھا شەقامەکە بە درێژای ٣ کیلۆمەتر و نیو لە نێوان حاجی ئۆمەران و چۆمان بە دوو ساید دەکرێت، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، کە وەکو قۆناغی یەکەم، مانگانە ٤٠٠ ملیۆن دینار لەلایەن ئیدارەی سۆرانەوە بۆ رێگاکە دابین دەکرێت، ئەوە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ساڵانە پارەی بۆ دابین دەکرێت و تا بە تەواوەتی رێگاکە دەکرێت بە دووساید.
قایمقامی چۆمان، دەشڵێ: “پڕۆژەکە گرنگی خۆی ھەیە، چونکە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەکەوێتە سەر شەقامەکە، رۆژانە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاریی لەسەرە و دواتر ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرێت لە حاجی ئۆمەران تا دەشتی ھەریر ھەمووی دەکرێت بە دووساید ئەوەش گرنگە و دەتوانی رێگایەکی زۆر بە ماوەیەکی کەم ببڕی”.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی چۆمان، ئاشکراشی کرد: “پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ ھەیە ئەویش گەیاندنی ھێڵی کارەبای ١٣٢ کەیڤی بۆ حاجی ئۆمەران و چۆمان، بە درێژایی ٥٠ کیلۆمەتر کە لە سووڕانەوە دێت، تا دەگاتە چۆمان و حاجی ئۆمەران، بە گوژمەی زیاتر لە ١٣ ملیار دینار پڕۆژەکە تەواو دەکرێت، پڕۆژەی دیکەش ھەیە وەکو کۆنکریتکردن و قیڕکردنی رێگاوبانەکان، پڕۆژەی ئاو، فراوانکردنی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، لەگەڵ ئەوەی رێگەی چەند گوندێک قیڕ دەکرێت، ھەموو ئەو پڕۆژانەش بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.”

ھەواڵی زیاتر