قۆناغی سێیەمی پایسکیلسواریی یانەکانی عێڕاق لە هەولێر بەڕێوە چوو

لەسەر شەقامی ١٢٠م و ڕێگەی شێخ توڕاب لەشاری هەولێر قۆناغی سێیەمی پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق بەڕێوەچوو، کە بۆ هەر چوار ئاستی پێشکەوتوان و لاوان و تازەپێگەیشتوان و کچان ئەنجامدرا، لەهەر چوار ئاستدا یانەکانی کوردستان ئەنجامی بەرچاویان بەدەستهێنا و پاڵەوانیەتیەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

یانەکانی کوردستان ئەنجامی باشیان هەبوو
دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر موسا موحسین جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاق لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، کە بۆ ئاستەکانی پێشکەوتوان و لاوان و تازەپێگەیشتوان و کچان بوو، لە پێشبڕکێی تیپ دژی کات یانەی سناعە لەسەر ئاستی پێشکەوتوان توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت کە ماوەکەی ٤٥ کم بوو یانەی حەشدی شەعبی پلەی دووەم و یانەی کۆیە پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا.
دوای پێشبڕکێی پێشکەوتوان پێشبڕکێی ئاستی لاوان بۆ ماوەی ٣٠ کم بەڕێوەچوو، یانەی حەدبا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و هەریەک لە یانەکانی دهۆک و سناعە پلەکانی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.
لەدوای ئەو پێشبڕکێیە لەسەر ئاستی کچان پێشبڕکێیەکە بۆ ماوەی ٢٠ کم بەڕێوەچوو یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و یانەی هەولێر توانی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت و یانەی ئەعزەمیەیش پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، دواتر پێشبڕکێی ئاستی تازەپێگەیشتوان بەڕێوەچوو کە ماوەکەی ٢٠ کم بوو، یانەی هەولێر توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و یانەی ڕوفاعی پلەی دووەم یانەی دیفاع جەوی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، سەرجەم پێشبڕکێکان لەسەر شەقامی ١٢٠م نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەنجامدران.

ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت
جێگری فیدراسیۆنی پایسکیلسواری عێڕاق هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە پاڵەوانیەتیەکە لە ڕۆژانی داهاتوویش بەردەوام دەبێت، کە لە ڕۆژی دووەمی پاڵەوانیەتیەکەدا پێشبڕکێی تاکی گشتی بۆ هەر چوار ئاستی پێشکەوتوان و لاوان و تازەپێگەیشتوان و کچان بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت ڕکەبەریەکی بەهێز لەنێوان یاریزاناندا هەبێت بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانیەتیەکە، ئەو پێشبڕکێیە لەسەر ڕێگەی شێخ توڕاب بەڕێوەدەچێت، لەسەر ئاستی لاوان بۆ ماوەی ٨٠ کم دەبێت و دواتر پێشبڕکێی تازەپێگەیشتوان بەڕێوەدەچێت بۆ ماوەی ٥١ کم پێشبڕکێکان بەردەوام دەبن تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە کە تیایدا دوو پێشبڕکێی تر ئەنجامدەدرێن، یەکەمیان پێشبڕکێی ئاستی پێشکەوتوان دەبێت بۆ ماوەی ١٢٠ کم لەسەر ڕێگەی شێخ توڕاب، دواتر لەسەر ئاستی کچان بۆ ماوەی ٤٠ کم بەڕێوەدەچێت.
ئەمە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانیەتی پایسکیلسواری یانەکانی عێڕاقە کە لەسەر هەرچوار ئاستی پێشکەوتوان و لاوان و کچان و تازەپێگەیشتوان ٢٥ یانە بەشداری پاڵەوانیەتیەکەیان کرد بوو.

ھەواڵی زیاتر