رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای پشتیوانی و هاوکاری بۆ شنگال دەکەن

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

پاش 8 ساڵ لە کارەساتی شنگال و بەڕێوەچوونی یادی کۆمەڵکوژیی ئەو شارە، بەڵام هێشتا شارەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و ئێزدییەکان نەگەڕاونەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و بەپێی ئاماریش زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کوردی ئێزدی هێشتا ئاوارە و دەربەدەرن.

پێویستیەکانی ئاوارەکانی ئێزدی ئەوانەی لە نێو کەمپدان و ئەوانەشی لە دەرەوەی کەمپ دەژین،هێشتا ژمارەیان زۆر زۆرە و پێویستە حکوومەتی عێراق هەوڵی جددی بدات بۆ گەڕانەوەیان و خزمەتکردنیان، ئەوە ڕاگەیەنراو و قسەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی کۆچی جیهانییە.
پاش ئەو هێرشەی لە 2014دا کرایە سەر شنگال و دواتر بە فەرماندەیی و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی شنگال کۆنتڕۆڵ کرایەوە، ئێزدییەکان ڕوویان لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی هەڕەشەی داعش، هەرچەندە بەپێی بڕیار و بە یاساش دەبوو هەم قەرەبوو بکرێنەوە، هەمیش ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام ٨ ساڵ تێپەڕیوە و ئەوە نەکراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی کۆچ دەڵێن: “نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست و کەمیی پێویستیی سەرەکی لەوانە ئاو و کارەبا و چاودێریی تەندروستی و پەروەردە هێشتا وای کردووە دۆخی خەڵك لە شنگال و دەوروبەری زۆر خراپ بێت، نەبوونی هیچ یەکێک لەو خزمەتگوزارییانە وای کردووە خەڵك نەگەڕێتەوە ناوچەکانی و ئاوارەیی پێ باشتر بێت.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ: “خەڵکی شنگال زیاتر ئێستا چاویان لەوەیە پێویستییە سەرەکییەکانیان هەبێت نەک کار بکەن بۆ دروستکردن و بنیاتنانەوەی داهاتوویەکی باشتر”.
داعش کە هێرشی کردە سەر شنگال، زیاتر لە ٪80ـی ژێرخانی ئابووری شارەکە و ٪70ـی خانووی خەڵکی وێران کرد، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێ ئەو دۆخە هەروەک خۆیەتی و گۆڕانکاریی ئەوتۆ رووی نەداوە.
بەپێی راپۆرتەکەی IOM ئەو کردەوە و کارانەی داعش هێشتا کاریگەریی لەسەر شنگال بەجێ هێشتووە. نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش توانیویەتی لە ماوەی چەند ساڵێکدا زیاتر لە 3 هەزار کەس لە دەستی داعش ڕزگار بکات، بەڵام هێشتا 2700 کەس بێسەروشوێنن.
هەر لەبارەی دۆخی خەڵك، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێ: “ڕزگاربووانی کۆمەڵکوژیی شنگال تەنانەت ناتوانن پرسەش بۆ کەسوکاریان دابنێن، چونکە گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەشێکیان هەڵدراونەتەوە و روفاتیان نەگەڕاوەتەوە، بەشێکی دیکەش هەڵنەدراونەتەوە.”
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ئەو رێکخراوە قەبارەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئەو پێکهاتەی کوردستان کراوە کاریگەریی لەسەر نەوەکانی داهاتووش دەبێت.”
ساندرا ئۆرلۆڤیچ، بەڕێوەبەری لقی عێراق رێکخراوەکە دەڵێ: “دەبێت عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەرەنتی بدەن کە ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە، پشتیوانیی خەڵکیش بکەن بۆ بنیاتنانەوەی ناوچەکانیان .”
هاوکات ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی دەڵێ: ” لە 99 ـی ئەوانەی داوای هاوکارییان لە حکوومەتی عێراق کردووە هیچ هاوکاری و قەرەبوویان بۆ نەهاتووە و ئاوڕیان لێ نادرێتەوە .”
ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات کە ئەو شەڕەی لە مانگی ئایار لە نێوان هێز و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال رووی دا، بووە هۆی ئەوەی دووبارە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە شنگالەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان ببنەوە.

ھەواڵی زیاتر