چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هاوپەیمانان سوورن لەسەر پاڵپشتیکردن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەماهەنگی و پێوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و هاوپەیمانان بە گشتی و هەر یەک لە ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە تایبەتی بە بایەخەوە دەڕواننە رۆڵ و پێگەی پێشمەرگە و قارەمانێتی و، گیانفیداییەکانی ئەو هێزە لە دژی تیرۆریستان لەبیر ناکەن. روانگەی ئەو وڵاتانە بەرانبەر بە پێشمەرگە زۆر جیاوازە لەو روانگەیەی بەرلە سەرهەڵدانی داعش بەرانبەر پێشمەرگە هەیانبوو و یەکخستن و بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە بە بەشێک لە ئاسایشی جیهانیی هەژمار دەکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە دەستی بە چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و لەم رووەوە هەنگاوی گرینگ هاویشتراوە و هاوپەیمانانیش بۆ ئەو مەبەستە زیاتر هانی کوردیان داوە و تەنانەت یارمەتی دارایی و سەربازیشیان پێشکەش کردووە و خوازیارن هەرێمی کوردستان تەنیا یەک هێزی نیشتمانیی هەبێت. ئەم داواکارییە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ناوخۆیی و جەماوەریی کوردستانیش بووە و خەڵک خوازیارن شتێک بە ناوی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی نەمێنێت و هەموویان لە ژێر ناوی پێشمەرگەی نیشتمانیی درێژە بە خەبات بدەن.
چ لەو سەردانانەی کە شاندە سەربازییەکانی رۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن و چ ئەو شاندە سەربازییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی رۆژئاوا دەکەن، پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە زیاتر دەکەوێتە بەر باس و پێداگری لەسەر دەکرێت. حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەش زیاتر قۆڵی هیممەتیان هەڵماڵیوە و خوازیاری ئەوە بوون پڕۆسەکە خێراتر بکرێت.
شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند رۆژێکە سەردانی دوو وێستگەی گرنگی دیپلۆماسی لە بەریتانیا و ئەمەریکایان کردووە و پێشبینی دەکرێ ئەو سەردانانەش گوڕوتینێکی تر بە پڕۆسەکە بدات و وەک لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکان سەلمێنراوە، رۆژئاوا سوورە لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و تەنانەت کردوویانەتە مەرجی بەردەوامیی هاوکارییەکانیان.
جگە لە شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، هەر یەک لە لە فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر و لیوا روکن نەجمەدین، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پێوەندییەکان پێک دەهات. وێستگەی یەکەمی ئەو سەردانە سەربازییە بەریتانیا بوو و لەلایەن جەیمس هیپی، وەزیری هێزه چەکدارەکان و چەندان بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە پێشوازی کران.
ئەوان لە بەریتانیا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر له‌ عێراق و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشیان تاوتوێ كرد، هاوڕابوون، که‌ داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهانیش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌‌، بۆیە پشتگیری و هاریكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ و له‌ناوبردنی، بە پێویست دانراوە.
بەریتانیا هەموو پشتگیرییه‌كی خۆی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و هێزەکانی پێشمەرگه‌ لە رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تیرۆردا، دوپات كردووەتەوە‌، هه‌روه‌ها پێزانین و ستایشی بۆ قوربانیه‌كان و ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ تێكشكاندنی داعشدا، ده‌ربڕی.
بەگوتەی وەزیری پێشمەرگە لەرێگەی راوێژکارانی سەربازی بەریتانیا و وڵاتانی تری هاوپەیمانان، پڕۆسەی چاکسازی سەربازی پێشکەوتنی باش و کارای بەخۆوە بینیوە، کە دواجار گەشەسەندن و بەدامەزراوەییکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی لێکەوتۆتەوە.
چاكسازی و هه‌نگاوه‌كان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، دۆخی ئه‌منیی عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وەکانی نێوان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی باڵای سەربازی و دیبلۆماسی بەریتانیا بوون.
هەر لەچەند رۆژی رابردوودا، وەزیری پێشمەرگە بە یاوەری بەیان سامی عبدالرحمن نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە واشنتۆن کۆبوونەوەیەکی فراوانیان، لەگەڵ جێنیفەر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سازکرد. لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، لەڕووی بەرەوپێشچوونە سیاسی و ئاسایش و ئابووری.
شاندەکە لە ئەمەریکا لەگەڵ برێت مەکگۆرگ رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا، گفتوگۆی چڕ و بەرهەمداریان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و پڕۆسەی چاکسازی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان کردەوە، لەسەر پابەندبوون بە هاوبەشێتی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و لەناوبردنی یەکجارەکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
بەشێکی تری ئەم کۆبوونەەیەش گفتوگۆکردن بوو، لەسەر گرنگیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیش کرایەوە، تا هەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزەکان باشتر و خێراتر بکرێن، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان زیاتر و بەردەوام دەبێت.
هاوکات شاندەکە لەگەڵ دوو دیپلۆماتکاری باڵای حکوومەتی ئەمریکا، سیناتۆر جاکی رۆشن ئەندامی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لەسێنات و ماڕشا بلاکبێرن نوێنەری ویلایەتی تێنسی، گفتوگۆی هەمەلایەنەی بایەخداریان، سەبارەت بەهەماهەنگییەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمریکا و مەترسیەکانی تیرۆر و پڕۆسەی چاکسازی سەربازی و ئالنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە ناوچەکە کردووە.
پێویستە بگوترێ دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ئەو سۆز و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی کە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە هەیە، بقۆزێتەوە و لە ناوخۆ هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە خێراتر بکرێ تا هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو دامەزراوەیی بچێت و هەنگاوێکی گەورە بهاوێژێت و لە بنەماکانی دەوڵەت نزیکتر بکەوێتەوە.